کوردستان

01:39 - 15/01/2021

مێژووی یەکەمین فیلمی کوردی کە بەزمانی کوردی دەدوێت..‌

هەوراز محەمەد

 لەرووداوێکی دەگمەندا لە سێ شوێنی جیاواز، لەیەککاتدا سێ فیلم دروست دەکرێت، کە دەبنە سیانەی یەکەمین فیلمی سینەمایی زمان کوردی.. بەڵام بەسێ چیرۆکی جیاوازەوە..

چیرۆکی یەکەم: باشووری کوردستان ساڵی ۱۹۹٠ هونەرمەندی کۆچکردوو (حاجی مەکی عەبدوڵا) دەبێتە پرۆدیوسەری فیلمی (نێرگز بووکی کوردستان)، کە بۆیەکەمینجارە زمانی کوردی لە فیلمی سینەماییدا بەکاردێت.

 

فیلمەکە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ڕێگری لێنەکرا و بگرە کارئاسانیشی بۆ کرا، چونکە لەوکاتدا بەشێک لە میدیا جیهانی و ئیقلیمیەکان باسیان لەوە دەکرد ڕژێمی بەعس گوندەکانی کوردستانی وێرانکردوە، ئەم فیلمەش باس لە ژیانێکی سادە و جوانی بەهارانەی ژیانی گوند دەکات، بەم جۆرە بەعس دەیانویست لە رێی ئەم فیلەمەوە بڵێن؛ ئەوەتا گوندەکان ژیانی ئاسایی خۆیان دەژین..بەڵام تەواو بوون و نمایشی فیلمەکە کەوتە ساڵی ۱۹۹۱ و دوای راپەڕین..

چیرۆکی دووەم: باکووری کوردستان هونەرمەندی بەتوانای کورد (نیزامەتین ئارچ) لە سەرەتای هەشتاکان، لە ناوچەی ئاگریی، لە ئاهەنگی نەورۆزدا، بە کوردی گۆرانی دەڵێت. بەم هۆیەوە لەلایەن دەسەڵاتی تورکیەوە دەگیرێت.

 

روو بە رووی دادگادەکرێتەوە، چونکە زمانی کوردی قەدەغەیە. لەکاتێکا هێشتا دادگا بڕیاری نەداوە، دوای ماوەیەکی کەم هەڵگەڕانەوەی سەربازی لە تورکیا روودەدات و کەیسەکەی ئارچ دەگوێزرێتەوە بۆ دادگای سەربازی، لە دەرفەتێکدا ئارچ رادەکات و دەچێتە سووریا. دوای ماوەیەک مانەوە و ژیان لە قامیشلۆ، دەچێتە ئەڵمانیا و لەوێ دەبێتە پەنابەر.

 

نیزامەتین ئارچ لە هەمان سەردەمدا لە ساڵی ۱۹۹۱ فیلمێک دروست دەکات بە ناوی (گۆرانیەک بۆ باکۆ)، کە باس لە گۆرانیبێژێک دەکات کە بەهۆی گۆرانی وتنەوە وڵاتی خۆی لێ قەدەغە دەکرێت، بۆیە هەڵدێت و دەچێتە چیاکان لەوێ شەڕڤان و پێشمەرگە دەبینێت (جەنگاوەرانی ئازادی) لەگەڵ ئەو خەڵکانەدا کە ئاوەرەبوون و خاکی خۆیان جێهێشتووە، لە شاخ گۆرانی بۆ ئەوان دەڵێت..

 

لەبەر ئەوەی نیزامەتین ئارچ وڵاتی لێ قەدەغەکراوە، بەناچاری فیلمەکەی لە چیاکانی ئەرمینیا لە نزیک باکوری کوردستان وێنەگرتوە.. هەر لەو هەرێمانەی کە یەکەمین فیلمی تیا لە بارەی کوردەوە دروستکراوە، فیلمەکەی حەمۆبەگ نازارۆڤ، (زارێ).. فیلمەکەی ئارچ نمایشی کەوتە ۱۹۹۲..

چیرۆکی سێیەم: رۆژهەڵاتی کوردستان دەرهێنەرێکی گومناو، بەڵام گرنگ لە مێژووی هونەر و بزوتنەوەی فیلمسازیی کوردی (تەیفور بەتحایی) فیلمی (گەلەگورگ) بە زمانی کوردی بەرهەمدێنێت کە لە چیرۆکی گەلەگورگی (حسێن عارف)ەوە وەرگیراوە، فیلمەکە لە کازاخستان دروستکراوە لە ساڵی ۱۹۹٠ کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و ساڵی دواتر تەواو بووە.. فیلمەکە ئاماژەیەکی مرۆیی و سیاسیشی هەیە، ژن و پیاو و دوو منداڵیان لەناوچەیەکی موحەرەمە و چۆڵکراو دەژین، نیوە شەوێکی تۆفان گەلەگورگ گەمارۆی ماڵەکە دەدەن و هێرش بۆسەریان دەبەن.. لەکۆتایدا، سێ فیلم دەبنە یەکەمین فیلمی بەکوردی زمان، سێ فیلم لە یەککاتدا و لەسێ روانگەی جیاوازەوە بۆ ژیانی ڕاستەقینەی ژیانی کورد..

 

هەرچەند رێکەوتی ئەم رووداوانە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ راپەڕینی گەلی باشوور، پەیوەست نین بەیەکترەوە، بەڵام ساڵەکەی گرنگتر کردوە لە مێژووی کوردستاندا..