ڕاپۆرتی عیراق

11:53 - 22/02/2021

بۆچی ئێران پێداگری لەسەر داخستنی سنوورەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێم دەكات؟‌

پەیسەر

ئێران وڵاتێكی فراوان و فرە سنوورە، ساڵێك دەبێت داخستنی سنوورەكانی بووەتە كێشەیەكی تری ئەو وڵاتە و زیانی زۆری لێداوە، گەرچی سزا سیاسی و ئابوورییەكانی سەری لە لایەن ئەمەریكا و رۆژئاواوە زیانی گەورەی لێداوە، بەڵام ئێران بەردەوام لە بیری ئەوەدایە دەروویەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی سووك بكات، ساڵێكیش دەبێت بازرگانی و كەرتی گەشتیارییەكەشی كێشەی تێكەوتووە، لە ئێستاشدا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان سنوورەكانی دادەخات...

فەرهاد ئەبولنەژادیان سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكیەكانی پارێزگای ئەهواز باس لەوە دەكات كە لە مەرزەكانی نێوان عێراق و ئێراندا پشكنینی كۆرۆنا بەپارە كڕین و فرۆشی پێوە دەكرێت و هەموویان پشكنینی نەرێنی –نەبوونی كۆرۆنا-یان پێدەدرێت لەبەرامبەر پێدانی بڕێك پارەدا.

ئەو بەرپرسە باڵایەی زانكۆی پزیشكییە لە خوزستانی پارێزگای باشووری رۆژئاوای ئێران نیشتەجێیەو چەند مەرزێك لەو سنوورەوە لەنێوان عێراق و ئێراندا هەیە ڕۆژی شەمە ڕایگەیاندووە كە پشكنینی كۆرۆنا بە نیوملیۆن تومان ڕادەستی خەڵك دەكرێت و هەموویان بە بێ چاوەڕوانی و بە دەرخستنی نەبوونی كۆرۆناوە ڕادەست دەكرێنەوە، بۆیە ئەو بەرپرسە ئەمەی بە یەكێك لە هۆكارەكانی داخستنی سنوورەكان لەگەڵ عێراق لێكدایەوە.

ئەو بەرپرسە زانكۆییە جەختی لەوەش كردووەتەوە كە ئامارەكانی عێراق ڕاست نین و نە تووش بوون و نە مردن بە كۆرۆنا لەو وڵاتەدا ئاماری ڕاستەقینە نین و چوار بەرامبەری ئەو ئامارانەیە كە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت، بە بێ ئەوەی ئاماژە بۆ چۆنیەتی دەسستخستنی ئەو زانیارییانە بكات.

بەپێی وتەی ئەبولنەژادییان بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا كە ئەو بە كۆرۆنا ئینگلیزییەكە ناوی هێناوەو ئێستا گەشتووەتە عێراقی دراوسێی ئێران، بەو هۆیەوە 11 شاری ناوچە عەرەبیەكانی ئەو وڵاتە وەك شارە سوورەكانی كۆرۆنا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و بەو هۆیەشەوە تووش بووانی كۆرۆنای نوێ لە منداڵ و مێرمنداڵانی نێوان  6 بۆ 14 ساڵێدا دوو بەرامبەر بووەتەوەو ئەوەش مەترسی گەورە دروست دەكاتەوە.

ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەكات كۆرۆنا گۆڕاوە ئینگلیزییەكە زۆر بە خێرایی لە نێو پارێزگاكەیاندا بڵاودەبێتەوە، بە پێی وتەكانی ئەو گەشتیارێكی هۆڵەندی و گەشتی خێزانی بنەماڵەیەكی عێراقی كە لە بەریتانیاوە گەڕابوونەوەو هاتبوونە شاری –شاگان- بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا نوێیەكە لەو پارێزگایەدا.

سەرۆكی زانكۆی –جندی شاپوری ئەهواز- باسی لەوەش كردووە تا ئێستا بە هۆی كۆرۆنا نوێیەكەوە دوو منداڵی پارێزگاكەیان گیانیان لەدەست داوە كە ئەكێكیان تەمەنی 9 ساڵان بووە.

پێشتریش پارێزگاری ئەو شارە قاسم سولەیمانی دەشتەكی ڕایگەیاندبوو كە بۆ ماوەیەك سنوورەكانیان لەگەڵ عێراق دادەخەن، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی هاتنە ناوەوەی كۆرۆنا گۆراوەكەیە، هەرچەندە جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە هێشتا زووە لەو بارەیەوە بریار بدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە دەنگۆی ئەوە هەیە وەك پێویست پشكنینی كۆرۆنا بۆ گەشتیاران نەكرێت لەوانەیە كۆرۆنا نوێیەكە لەو ڕێگەیەوە بگاتە وڵاتەكەیان.

هەفتەی پێشووش 11 شاری ئەو پارێزگایە سووركران لەبەر ئەوەی چەند حاڵەتێكی ڤایرۆسە گۆڕاوەكەیان تێدا تۆماركراوە..

محەممەد نەوزەری، پارێزگاری ئیلام بە وەکالەت رایگەیاند کۆرۆنا لە عێراق قەیرانی دروستکردووە، بۆیە دەروازەی سنووریی مێهران بەڕووی زیارەتکار و گەشتیاراندا دادەخرێت، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە رەچاوکردنی رێوشوێنە تەندروستییەکان بەردەوام دەبێت.

پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دراوسێی پارێزگای خوزستانە، کە چەند رۆژێکە کۆرۆنای گۆڕاوی تێدا بڵاوبووەتەوە، بۆیە هاتووچۆی گەشتیار و ئۆتۆمبیلی تایبەت لەنێوان پارێزگاکانی ئیلام و خوزستاندا ڕاوەستاوە.

سەید کەریم حوسێنی، سەرۆکی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای خوزستان داوای لە سەرۆککۆماری ئێران کردووە ئەم پارێزگایە بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتین بکرێت.

دوای ئەوەی سنووری پەرویز خان لەسنووری  کرماشانی ئێرانەوە داخرا ، ده‌روازه‌ى سنوورى حاجى ئۆمه‌رانيش له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "ئاگاداری گشت هاووڵاتیان و گەشتیارانی خۆشەویست دەکەینەوە کە  لایەن ئێرانی بە ڕێگای پەیوەندییەکانەوە ، ئاگاداری ئێمەیان کردووە کە حکومەتی ئێران بڕیاری داوە سبەی ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی (21/2/2021) کاتژمێر (2)ی پاش نیوەڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ڕووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی (2) دوو هەفتە دادەخەن.

هەروەها راگەیێندراوە کە بە تەنیا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە لە ئێرانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ووڵاتی خۆیان ".

له ‌عێراق دۆخى كۆرۆنا گه‌شتۆته‌ ڕاده‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ و له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ هه‌رێمى كوردستانیش ڕێ و شوێنى نوێ بۆ به‌رگرتن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ى هه‌ردوجۆره‌كه‌ى كۆرۆنا ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت. و لە هەرێمی كوردستانیش دوێنی یەكشەممە 21/2/2021 پێنج حاڵەتی تووش بوون بە كۆرۆنا گۆڕاوەكە ڕاگەیەنرا.

چەند رۆژێك پێش لە ئێستاش سەعید نمەكی وەزیری تەندروستی لە نامەیەكی تایبەتیدا داوای لە وەزیریی ناوخۆی ئەو وڵاتەكردووە كە بە خێرایی سنوورەكانی وڵاتەكەیان لەگەڵ عێراق دابخەن، ئەو لەنامەكەیدا بۆ بۆ عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی نوسیویەتی: بەلەبەرچاوگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە گۆراوەكەی كۆرۆنا لە پارێزگای خوزستان و خێرابڵاوبوونەوەی لەناو خەڵكدا پێویستە بفەرموون بە داخستنی تەواوی سنوورەكانی هاتن و چوون لەگەل عێراق تا كاتێكی نادیار.

كۆتایی هەفتەی پێشووش سەید محەمەد عەلەوی بەڕێوەبەری تەندروستی خوزستان ڕایگەیاندوووە لەچاو هەفتەكانی پێشوودا كۆرۆنا 75% زیادی كردووەو 52% ش مردن بەرەو سەرەوە هەڵكشاوە ، ئەوەش مەترسیدارە بۆیە داخستنی سنوورەكان تا كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەی بە پێویست زانیوە.

نەك هەر ئەو پارێزگا سنوورییانەی ئێران گومانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا گۆڕاوەكەیان لێناكرێت، بەڵكو لە پارێزگای قەزوینیش بڵاوبووەتەوە كە دووریشە لەسنوورەكان.بە پێی وتەی عەلی ئەكبەر كەرەمی  جێگری زانكۆی پزیشی قەزوین ڕایگەیاندووە كە گومانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگاكەیان زۆرەو لە ئێستادا چەند حاڵەتێكیان تۆماركردووە و ڕووی لە زیاد بوونیشە، هەربۆیە هەفتەی ڕابوردوو لەو پارێزگایەدا نوێژی بە كۆمەڵی هەینی و بۆنەو ئاهەنگە قەرەباڵغەكان  ئەنجام نەدران.

ئامارە فەرمییەكانی ئێران ڕایدەگەیەنن كۆی تووش بووان بە ڤایرۆسی كۆڤید19 یەك ملیۆن و پێنج سەدو چل و دوو هەزارو حەفتاو شەش كەس بووەو لەو ژمارەیەش پەنجاو نۆ هەزارو سەدو هەشتاو چوار هەزاركەسیان گیانیان لەدەست داوە، بەڵام توێژەران پێیان وایە ئەو ئامارە فەرمییەی ئێران ڕاست نیەو ڕێژەكە زۆر  لەوە زیاترە.