ڕاپۆرتی عیراق

09:23 - 15/04/2021

چیرۆکی ئەو ژن و منداڵانەی باجی داعشبوونی کەسوکاریان دەدەن‌

پەیسەر

هەزاران عێراقی کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، بەدەست داعشبوونی کەسوکارەکانیانەوە دەناڵێنن و ئەم دۆخەش کردوونی بە "دوژمن"ی کۆمەڵگا و بە چاوی تاوانبار و خراپەوە سەیریان دەکرێت. ئەوان باجی کار و بۆچوونی کەسوکارە نزیکەکانیان دەدەن و لە کۆمەڵگادا جێگایان نابێتەوە.

٢٥٠ هەزار ژن و منداڵ
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی ٢٥٠ هەزار ژن و منداڵ کە کەسێک یان چەند کەسێکی نزیکیان چەکداری داعش بوون، لە ژیانێکی سەخت و دژواردا دەژین، نە لە کۆمەڵگادا جێگایان دەبێتەوە و نە دەتوانن دەستیان بە ئیش و کارێکی باش دەگات. هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتیش بە ئاسانی کاریان بۆ رایی ناکەن و وەک بەشێک لە رێکخراوی داعش سەیریان دەکرێت.

بەڵقیس والی، تویژەر لە بەشی قەیران و ناکۆکییەکان لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، زۆربەی ژنان کە کەسێکیان داعش بووە، لە ئێستادا توانای پەیداکردنی بژێوییان نیییە و بوون بە بەشێک لە چینی خوارەوە، چونکە ناتوانن لەو مۆرەی داعش هەڵبێن بەسەر ناوچاوانیانەوەیە.

گروپە توندڕەوەکان
ئەو توێژەرە هۆشداری دەدات و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر حکومەت هەوڵی پێویست نەدات بۆ لەخۆگرتنەوەی ئەم کەسانە، ئەوا وەک چۆن لە رابردوودا روویدا، دیسان ئەگەر هەیە گروپە توندڕەوەکان خۆیان بخزێننە ناویانەوە.

لەبارەی تێڕوانینی کۆمەڵگاوە بەڵقیس والی دەڵێت، ئەم کەسانە رووبەڕووی سوکایەتی و رقلێبوونەوە دەبنەوە، چونکە بەشێک لە کۆمەڵگا پێی وایە ئەم ژنانە رۆڵیان هەبووە لەوەی هاوسەر و باوکیان پەیوەندی بە داعشەوە بکە.

کامپی ئاوارەکان
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، کێشە و زەحمەتییەکانی سەر ئەم خێزانانە کاتێک تەواو زیاد بوو کە حکومەت بڕیاریدا ١٥ کامپی ئاوارەکان دابخات کە دەیان هەزار ئاوارەی لەخۆگرتبوو، بەشێکی ئەم ئاوارانەش هاوسەر و منداڵی چەکدارانی داعش بوو.

بەپێی پلانی حکومەتی عێراقی، تاکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو سێ کامپەی دیکەی ئاوارەکانیش دادەخرێن کە ماون، ئەمەش کێشەی ئەم ژن و منداڵانە قوڵتر دەکاتەوە، چونکە ئەگەر کامپەکان دابخرێن شوێنێک نییە رووی لێبکەن و کۆمەڵگاش بە ئاسانی دەرگایان بە روودا ناکاتەوە.

نەبوونی ستراتیژییەتێکی روون
رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ رەخنە لە حکومەت دەگرن و دەڵێن، نەبوونی ستراتیژییەتێکی روون بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەم ژن و منداڵانە بە کۆمەڵگا، دۆخی ئابووری ئەم کەسانەی سەختتر کردووە، ئەمە جگە لە مەترسییەکانی سەریان وەک دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

بەپرسێکی سەر بە رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەکان کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە دەڵێت، ئەگەر چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەم ژن و منداڵانە نەدۆزرێتەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگا نەکرێنەوە، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم کەسانە تێکەڵ بە گروپە توندڕەوەکان ببن و توشی توندڕەوی ببن.

"دووربوون لە داعش"
راپۆرتەکەی تایمز باس لەوە دەکات، ئەو خێزانانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە "دووربوون لە داعش"یان پێدەدرێت، دەتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین، کار پەیدا بکەن، ببنە خاوەن موڵک و لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت سودمەند بن.

یەکێک لەو ژنانەی (تەمەن ٣٣ ساڵ) مۆری داعش لەسەر ناوچاوانیەتی و لێی نابێتەوە، پێش دەستبەسەرداگرتنی شارەکە لەلایەن داعشەوە لە موسڵدا مامۆستا بووە. لە ئێستادا لەلایەن کۆمەڵگاوە بە سوکایەتییەوە تەماشای دەکرێت.


پۆلیسی رەوشتی
ئەم ژنە دەڵێت، "تەنها تاوانی من ئەوەیە کە چوار کەسی نزیکی هاوسەرەکەم لە بەشی پۆلیسی رەوشتی داعش بوون و ئازاری خەڵکیان دەدا."

ژنەکە باس لەوە دەکات، بە چاوی خۆی مەرگی یەکێک لە منداڵەکانی بینیوە کە لە کاتی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کەوتووەتە ژێر داروپەردووی ماڵەکانەوە و دواتریش هاوسەرەکەی لەدەستداوە.

روو لە هەرێمی کوردستان
لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ئەم ژنە رێگای دیکەی لە بەردەستدا نەبووە و ناچار بووە روو لە هەرێمی کوردستان بکات، تاکو لە هەرێمدا و لەگەڵ منداڵەکانیدا دەست بە ژیانێکی نوێ بکات، بەڵام لەبەرئەوەی هێزە ئەمنییەکانی موسڵ مۆڵەتی "دووربوون لە داعش"یان بۆ نەکردووە، حکومەتی هەرێم رێگای پێنەداوە روو لە هەرێم بکات و ناچار کراوە بگەڕێتەوە بۆ موسڵ، بەڵام رێگای پێدراوە منداڵەکانی لە هەرێم بەجێبهێڵێت.

ژنەکەکە دەڵێت، "تاکە هەڵبژاردەی بەردەستم ئەوە بوو، کە منداڵەکانم لای کەسوکارەکەم جێبهێڵم کە روویان لە هەریم کردووە، تاکو منداڵەکانم لە هەرێم ژیانێکی باشتریان هەبێت، خواردن و مانەوەیان مسۆگەر بێت و دەستیان بە خوێندن بگات، بەڵکو رۆژێک منیش بتوانم بگەمە لایان."

بەپێی راپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٨ی هیومان رایتس وۆچ، بەشێک لە ژنان بۆ ئەوەی رزگاریان ببێت لە کامپەکان و وەک داعش سەیر نەکرێن، ناچار بوون لە هاوسەرەکانیان جیاببنەوە یان بەڵگەنامەی مردنی هاوسەرەکانیان دەربکەن و لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هاوسەرگیری بکەن.