ڕاپۆرتی عیراق

01:47 - 19/04/2021

هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق چی لە دۆخی لایەنە سیاسیەكان دەگۆڕێت؟‌

پەیسەر

تادێت گومان و دڵەڕاوكێ و ترس لە سندوقەكانی دەنگدان و لە رۆژی هەڵبژاردنەكان زیاتر دەبێت، هێز و لایەنە سیاسیەكان بە پەرۆشترن بۆ ئەوەی بزانن چارەنوسیان بە كوێ دەگات و گێژەڵووكەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ڕوویان بەرەو چ ئاڕاستەیەك وەردەچەرخێنێت، ئاخۆ ئەو هەڵبژاردنانە لەبەرژەوەندی كێ دەشكێتەوە و لەزیانی كێ؟ باز بەسەر كێوە دەنیشێتەوەو كێش لەقە لەبەختی دەدرێت و لە گۆڕەپانەكە دوور دەخرێتەوە؟

هەرچەندە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەیەكێك لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دێتە ئەژمار، بەڵام پەرۆشی لایەنەكان و گەڕان بەدووی دەروویەكی خێردا نیشانی دەدات پێدەچێت هەلبژاردنەكانی ئەمجارە عێراق لەسەر بارودۆخی پێشینەی نەهێڵێتەوەو ئ. هیلكەی سەر پەتی چەند ساڵەی خاترو خۆتریی بكەوێت و بەرگێكی دی بەباڵای عێراقدا ببڕیت.

چاودێرا ن پێیان وایە كەمی كات و نەبوونی پێداویستیەكانی هەڵبژاردن بەسن بۆ ئەوەی گومانی ئەوەی لێبكرێت ئەم هەڵبژاردنەش وەك پێویست نابێت و نابێتە جێی متمانەی ئەو عێراقییانەی بەتەمای گۆڕانكاریی ڕیشەیین، ئەوە سەرەڕای توانای دەستێوەردانی هێزە چەكدارەكان و گۆڕینی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان، هەروەك دەمێكە گوتراوە: گرنگ نییە كێ دەنگ دەدات، گرنگ ئەوەیە كێ دەنگەكان دەژمێرێت!

بەلیغ ئەبو كەلەل، سەركردە لە ڕەوتی حیكمەی نیشتیمانی باس لەوە دەكات هێزە سیاسیەكان ترساون، ناوێرن دەست بۆ هاوپەیمانی ببەن، ئەوان فێرن لەكاتە كۆتاییەكاندا هەندێك كاری چاوەڕوان نەكراو دەكەن، هەرچەندە هاوپەیمانێتیش هیچ لە بوون و چییەتی هێزە پێشووەكان ناگۆڕێت، لەبەرئەوە هەر لایەنێك بیەوێت هاوپەیمانی بكات ئەوا ڕیسكی گەورە دەكات.

ئەبوكەلەل باسی لەوەش كردووە زیانمەندی سەرەكی ئەو هێزە تازانە دەبن كە لە هەناوی خۆپیشاندانەكانەوە هاتوونەتە دەرەوەو ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی تریان نییە، هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە كە هەندێك لەو لایەنانە ناوی خۆیان تۆمار كردووەو بابەتە ئەمنیەكانیش ڕێگر بوون لەوەی ژمارەیەكیشیان ڕەت بكرێنەوەو كۆمیسیۆن ڕێگەی تۆماركردنیان پێنەدات. هەر بۆیە هەندێك لەو لایەنانە داوایان كردووە ماوەی تۆماركردنی ناوەكان درێژتر بكرێتەوەو جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە هێزە كۆنەكان زیانی ئەوتۆیان بەرناكەوێت.

لەگەڵ ئەوەشدا كە هێزە سیاسیەكان ترسیان لە هێزە چەكدارەكان هەیە و خەمی ئەوەیان هەیە دەست بەسەر كەشی هەڵبژاردنەكاندا بگرن، هەندێك لە لایەنەكان باس لە هاوپەیمانێتی سیاسی دەكەن بۆ ڕێگریی كردن لە سەربازو هێزی چەكدار، هەندێك لە هاوپەیمانیەكان ناوی (التحالف العابر للمكونات)و (تحالف قوى الدولة)یان لێناون، لەبەر ئەوەی جووڵەیەكی زۆر لەنێو شەقامی گشتی عێراقدا هەیە كە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەو بێهێزو پێزبوونی هێزی چەكدارە، دەستكورتكردنەوەیانە لەسەر دەوڵەت، بەدەر لەوەی كێ ئەو دەوڵەتە پێكدەهێنێت.

لەبەر ئەوەی بە پێی وتەی شارەزایان ترس لە چەك و هێزە چەكدارییەكان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە بەهۆی گروپەچەكدارییەكانەوە عێراق گەشتووەتە ئەم قۆناغە، ئەو سەركردەیەی ڕەوتی حیكمە ڕایگەیاندووە هەنگاوی باشیان بڕیوە لەگەڵ سونەو كوردەكاندا بۆ ئەوەی پێكەوە هاوپەیمانی گەورە پێكبهێنن و كۆتایی بەو دیاردە ترسناكە بهێنن كە 18 ساڵە باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە، ئەویش حوكمكردنیەتی بە لوولەی چەك.

لەبارەی ئەو ترسەی ئەگەر لایەنێك لە دوای هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە چەكدارەكان بكات ئەبو كەلەل باس لەوە دەكات كە هێزە میانڕەوەكان دەتوانن كورسی زۆرتر بەدەست بهێنن ئەوەش وا دەكات بتوانن حكومەتی داهاتوو پێكبهێنن، دواتریش مەرجی خۆیان بسەپێنن، هەروەها گوتوشیەتی بڕوامان وایە نابێت مەبدەئی تەوافوق و ڕێككەوتنی پێشوەختە وەلاوە بنێین و جارێكی دیكە هەڵبژاردنی 2018 دووبارە نابێتەوە، خۆ ئەگەر هێزی چەكدارو میلشیاكانیش بیبەنەوە گومانی تێدا نیە كاریگەرییی لەسەر یەكپارچەیی عێراق دەبێت و بەرەو لەبەر یەكهەڵوەشان هەنگاو هەڵدەگرێت و بەرەو تونێلێك دەیبەن كە ئەوسەرەكەی دیارنییە.

سەرەڕای هەموو ئەو مەترسییانەش هەندێك گروپ و حیزبیش هەن كە بڕیاریان داوە بەشداریی نەكەن، لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانەش نەبوونی ئاسایشی هەڵبژاردن، نەهاتنەدی مەرجی خۆپیشاندەران، كەمی كات بۆ تۆماركردنی بەربژێرەكان و چەندین شتی تر، لەوبارەیەوە سەرۆكی حیزبی –البیت الوطنی- حسین الغرابی كە حیزبەكەی رۆڵی هەبووە لە خۆپیشاندانەكاندا، جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرۆك وەزیران لەو ساڵەی دەست بەكاربوونیدا ئەو بەڵێنانەی دابووی نەیبردوونەتە سەر، هەر بۆیە ناتوانین ڕیسك بكەین و لە ماوەی شەش مانگدا بچینە ئەو كێیبەركێ هەستیارەوە. هەروەها گوتوشیەتی: هەموو ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە هیچ خواستێك بۆ جێبەجێكردنی داواكانی خۆپیشاندەران لە ئارادا نییە.

الغرابی، جەختی لەوە كردووەتە هەرچۆنێك بێت لە كۆتاییدا بە هاوپەیمانێتی ئەم هەڵبژاردنەش كۆتایی دێت، ئیتر نازانرێت لە نێوان لایەنە چەكدارەكان یان ئەوانی دیكەدا دەبێت،  جەختی لەوەش كردووەتەوە كە چالاكییەكانی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەكان بەردەوامییان دەبێت و بەشداریی نەكردنیشیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەسەر بنەمای دەنگی زۆرینەی حیزبەكەیان بووە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانیش ئەو پرسیارە زۆرتر دەكرێت كە لە ڕووی یاساییەوە چی كراوە بۆ كۆت و بەندكردنی حیزبە چەكدارەكان، لەو میانەیەدا ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ ئاسایشی هەڵبژاردنەكان –موهەنەد نەعیم- باس لەوە دەكات هەندێ بڕگەی یاسایی لەبەردەستدایە كە ڕێگریی دەكات لە بەشداریی كردنی حیزبە چەكدارەكان لە هەڵبژاردنەكاندا، لەو ڕێگەیەشەوە سزا بەسەر كەسەكاندا دەسەپێنرێت، تا دەگاتە زیندانی كردنیش لەكاتێكدا ئەگەر دەربكەوێت كە لەڕێگەی چەك و بەكارهێنانی چەكەوە كاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنەكان داناوە، تەنانەت دەكرێت ناوی ئەو حیزبانەش لە لیستی تۆماری هەڵبژاردنەكان بێتە دەرەوە و بێبەش بكرێن لە پرۆسەی سیاسی.

هەروەها باسی لەوەش كردووە كە حیزبەلاوەكانیش دەتوانن بە پێی یاسای حیزبەكان 2015 سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەن بۆ ئەوەی كۆمیسیۆنی باڵا ناویان لە لیستی هەڵبژادنەكان بهێننە دەرەوە، یان هەر پاڵیوراوێك نوێنەری لایەنێكی چەكداربێت و ئەوەش بە بەڵگەوە یەكلایی بكرێتەوە بۆ كۆمسیۆن. هەروەها باس لەوەش دەكات هەندێك لایەن دەستیان بە جووڵەیەكی خێرا كردووە بۆ ئەوەی هەمواری ئەو یاسایە بكرێتەوە.

بەپێی وتەی موهەنەد یاساكە باس لەوەش دەكات لە دوای هەڵبژاردنەكانیش بسەلمێنرێت كەسێك پەیوەندی بە گروپە چەكدارەكانەوە هەیە متمانەی لێورەدەگیرێتەوە، هەربۆیە بەشێك لەو حیزبانە لە ڕێگەی ئەندامەكانیانەوە دەیانەوێت هەمواری یاساكە بكەنەوە، نەشی شاردەوە ئەو یاسایە ڕەشنوسی هەمواركردنەوەكەی تەواو بووەو ڕادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە.

هەروەها موهەند باس لەوەش دەكات كە جێبەجێكردنی یاسا دەبێتە هۆكاریی سەرەكی گەڕانەوەی ئاسایشی هەڵبژاردن، بەجۆرێك كە لیژنەیەكی تایبەتی بۆ درویت دەكرێت و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بۆ دروست دەكرێت و نوێنەرایەتی دەزگای دژە تیرۆری تێدا دەبێت لە گەڵ بەڕێوەبەری هەواڵگریی ناوخۆو ئەنجوومەنی دادوەریی و بەڕێوەبەریی كاروباری پۆلیس و بەبەشداریی كردنی 22 دامەزراوەی ئاسایشی تایبەت بە هەڵبژاردنەوەكان، ئەوە سەرەڕای ئەندامێتی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان ، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە خاوێن بەڕێوەبچێت. لەگەڵ ئەوەشدا ناویان دەچێتە دەزگای ئاسایش بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ناوەكان بكرێت كە ئایا هیچ سزایەكی بەسەردا جێبەجێ كراوە، یان تاوانبار نییە بە تاوانی سیاسی یان جینائی.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش هێشتا چاودێرانی هەڵبژاردنەكان پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنەش ناتوانێت ئاسۆیەكی نوێ بۆ عێراق بێنێتە پێشەوە، توێژەرو شرۆڤەكاری سیاسی، ئەحمەد شەریفی، جەخت دەكاتەوە ئەو پاڵنەرو هۆكارانەی دەورەی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراقیان داوە، لە یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسۆنەوە بیگرە تا دەگاتە ناتوانایی حكومەت لە بەرامبەر میلشیا چەكدارەكاندا ئەوەمان پێدەڵێت كە عێراق هیچ پێشكەوتنێك بەخۆیەوە نابینێت و وەك خۆی دەمێنێتەوە ئەگەر بەرەو خراپتریش نەڕوات. ئەوەش مانای ئەوەیە خواستی ئەوانەی كە دەیانەوێت گۆڕانكاریی لە هەڵبژاردنەكان و كاریگەرییەكانیدا بكرێت، لەبەرامبەر خواستی هێزو میلشیا سەربازییەكاندا بچووكەو خۆیان ناگرن و ناتوانن بە هەڵبژاردن لە دەسەڵات دووریان بخەنەوە.

بە پێی وتەی ئەو شارەزایە؛ ئەو بەرەیەی كە بە –قوی الاعتدال- حۆی ناساندووە لەتوانایدا نییە هێزی چەكدارو میلشیاكان لە گۆڕەپانەكە بكاتە دەرەوە، وەك شەریفی دەڵێت : ئەو هێزە توانای ئەوەی نییە خۆی بسەپێنێت و ئاڕاستەی سیاسی داهاتوو لە عێراق دا بكات، مەترسییەكە لەوەشدا زۆر چڕدەبێتەوە  كە لەدوای هەڵبژاردنەكان بیانەوێت لەگەڵ گروپە چەكدارو میلشیاكاندا هاوپەیمانی بكەن، خۆ ئەگەر ئەو هەنگاوەشیان نا ئەوا سیفەتی –الاعتدال- لە خۆیان دەكەنەوە و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پێشووتر و هەر ئەوەش دەبێتە مایەی نیگەرانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و دواتریش عێراق دەكەوێتەوە پەراوێزی نێو دەوڵەتی .

هەڵبژاردنە پێشوەختەكانی ئەمساڵ لەدوای خۆپیشاندانەكانی 2019 ەوە سەرچاوەی گرتووەو بووەتە هۆی كوژرانی 600 كەس و برینداربوونی 28هەزار كەس و هەموو ئەو فشارانەش بوونە هۆی ئەوەی مستەفا كازمی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات كە دوای دواخستنێك بڕیارە لە رۆژی 10/10/2021 بەڕیوەبچێت.