کوردستان

08:08 - 25/10/2021

"بەنهێنی پرۆسەی ئاشتی دەستيپێكردوەتەوە"‌

پەیسەر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی راسپاردووە بۆ دەسپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد.

پارتی دادوگەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆدا تووشی چەقبەستووی بووە، بەپێی راپرسیەكان رێژەی جەماوەری بۆ سەدا 30 دابەزیوە لەپێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2023، جارێكی دیكەش لەلای كورد بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، بەپێی رۆژنامەی زەمانی توركی.

بەپێی زانیارییەكانی زەمان، بۆ جاری دووەم ئەردۆغان دەزگای هەواڵگری چالاك كردوەتەوە لەپێناوی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد، ئەوەش دوای قۆناغی یەكەم دێت كە لە ساڵی 2009 دەستپێكرد و بە قۆناغی "كرانەوەی دیموكراسی" یان "كرانەوەی كوردی" ناونرا.

بەپێی زانیارییەكان، گفتوگۆكانی ئەمجارە لەلایەن هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سەرپەرشتی دەكرێن و بە رێنمایی راستەوخۆی ئەردۆغان.

لەم چوارچێوەیەدا هەردوولا ژمارەیەك دیدارو كۆبونەوەیان لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا هەبووە، بەڵام زەمان باسی لەو لایەنانە نەكردووە كە گفتوگۆیان كردووە.

هاوكات هەندێك لە بەرپرسی پارتی دیموكراتی گەلان بانگهێشتكراون بۆ گفتوگۆكان بەڵام رەتیانكردوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێیانوایە ئەردۆغان بۆ ئامانجی خۆی ئەم كارە دەكات و پێویستی بە دەنگی كورد هەیە.

بەپێی سەرچاوەكە، پارتی دادو گەشەپێدان دەیەوێت سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە چوار ساڵە لە زیندانە ئازاد بكات و جێگەیەكی نوێش بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دیاریبكات.