کوردستان

04:15 - 14/11/2021

سلێمانی، شارە زیندوەكەی سیاسەت و ئەدەب و ژیاندۆستی‌

پەیسەر

سلێمانی، شارە زیندوەكەی سیاسەت و ئەدەب و ژیاندۆستی، ئەمڕۆ یه‌كشەممە 14-11-2021، یادی 237 ساڵەی دامەزراندنی كردەوە.

شاری سلێمانی لە14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای پاشای بابانەوە دامەزرێنرا، کاتێک پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانی شارباژێڕه‌وه‌ گواستەوە بۆ سلێمانی. ئەمڕۆ یادی تێپەڕینی 237 ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوەدا دەکرێتەوە.

هه‌فته‌ی رابردووش ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌فه‌رمی 14ی تشرینی دووه‌می هه‌موو ساڵێكی به‌ یادی دامه‌زراندنی سلێمانی دیاریكرد.

له‌ ساڵی 2019شدا، شاری سلێمانی بەفەرمی لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە بە شاری داهێنەر لە بواری ئەدەب بە جیهان ناسێنرا.

شاری سلێمانی لەپاش ڕاپەرینی ئازاری 1991ەوە فراوانبوون و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئێستا وەک یەکێک لە شارە ھێمن و خاوێنەکان لە عێراق بەناوبانگە، بەو ھۆیەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە خەڵکێکی زۆر ڕوویان تێکردووە و بووە بە پەناگەی ئەو ھاوڵاتییانەی کە لە خوارووی عێراق و ناوچەکانی ناوەڕاستەوە ڕوو دەکەنە ئەو شارە.

سلێمانی زانکۆیەکی گەورەی ھەیە کە بە زانکۆی سلێمانی ناسراوە.

 بە دووریی ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە، بەنداوی دووکان ھەیە کە یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی عێراق. سلێمانی بە ھاوینەھەوارەکانی وەکوو ھاوینەھەواری ئەحمەدئاوا، سەرچنار، بەنداوی دووکان، سەرتەکی بەمۆ، کونەماسی، ئەزمڕ و قەرەداغ و چەندین ھاوینەھەواری دڵڕفێنی دیکەش بەناوبانگە.

ئەم شارە لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێداچەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە. لەوانە (نالی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەھبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ.. ھتد) و سەدان نووسەر و شاعیری تریش.

شاری سلێمانی، به‌شاری زیندوی سیاسەت و ئەدەب و ژیاندۆستی لای خه‌ڵكی شارو ناوچه‌كانی تری كوردستان وێنا كراوه‌و سروشتی كه‌شوهه‌واو تۆبۆگرافیاو سروشتی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌جۆرێكه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی تر حه‌زده‌كه‌ن تێیدا بمێننه‌وه‌و تییدا بژین‌.