ڕاپۆرتی عیراق

11:29 - 18/06/2022

شیکردنەوە.. ئاییندەی سیاسی لە عێراق دوای کشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی‌

پەیسەر

سەرئەنجام رەوتی ناکۆکییەکان لە عێراق بە ئاراستەیەکی دیکەدا رۆیشت و موقتەدا سەدر ھەڕەشەکانی گەیاندە جێ و بڕیاریدا وەک خۆیان دەڵێن لەپێناو رزگارکردن لە نیشتمان و دەرچوون لەو دۆخە چەقبەستووە، پەرلەمانتارانیان دەست لە کار بکێشنەوە.

ھەرچەندە ئەستەمە بەو ھەنگاوەی موقتەدا سەدر بگوترێت کە کۆتایی بە بنبەستی سیاسی لە عێراق ھاتووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت، گرێ کوێرەی سیاسی تا رادەیەک کرانەوەی بە خۆی ببینێت، دەرفەت لە نێوان لایەنەکان بڕەخسێنێت، دیالۆگی نوێ و رێککەوتنی نوێ بۆ پێکھێنانی حکوومەت دووبارە دەست پێبکاتەوە.

ئەوەش ساویلکانەیە ئەگەر بڵێین، ھەنگاوەکەی موقتەدا سەدر بە مانای کشانەوەی لە کۆی پڕۆسەی سیاسی وڵات دێت. دوور نییە موقتەدا سەدر لە یەکەم دەرفەتدا بە ھێزێکی زیاترەوە لە رکابەرەکانی بسووڕێتەوە و رای گشتیی عێراقیان لێ بشڵەقێنێت.

لە نەبوونی سەدرییەکان، چوارچێوەی ھەماھەنگی رۆڵی سەرەکی بۆ رێکخستنەوەی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی بەر دەکەوێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە رۆڵی لایەنەکانی دیکە، بە تایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی چوارچێوەکەدان، لەبەر چاو نەگیرێت. ئەوە یەکلابووەتەوە کە لە عێراق، بە بێ بەشداری ھەموو لایەنەکان، پێکھێنانی حکوومەت ئەستەمە و گرفتخولقێنە.

پێکھاتەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای کشانەوەی سەدرییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بە جۆرێک بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکان دۆڕاوی یەکەمی ھەر بازنەیەک دەبێت بە جێگرەوەی ئەو نوێنەرەی کە دەستی لە کار کێشاوەتەوە و دەبێت لەو کاتەدا چاوەروانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکرێت کە جارێکی دیکە نەخشەی نوێی پەرلەمان رابگەیەنێت، بە پێی نەخشەی نوێ چوارچێوەی ھەماھەنگی پشکی شێری بەردەکەوێت، ئەگەری ھەیە ژمارەی کورسییەکانیان بۆ ١٤٠ کورسی زیاد بکات. سوننەیش کەمتر و کورد ھیچ سوودێک لە زیادبوونی کورسییەکان نابینن، چونکە لە ھیچ ناوچەیەک رکابەری سەدرییەکانیان نەبوو.

- چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەردەم دووڕێیانی ھەڕەشە یان دەرفەت
گومانێک لەسەر ئەوە ھەیە کە رەنگە موقتەدا سەدر لە ئەگەری ھەر کێشمەکێشێکی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ شەقام و جوڵەی شەقام وەک فشارێک دژبە حکوومەت بەکار بێھێنێت.

لایەنگرانی سەدر بە زۆری ئێران وەک ھەڕەشەیەک بۆسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەزانن، بە جۆرێک کە بەشێکی زۆر لە میدیاکانی نزیک لە سەدر لە دەستپێکی بڕیارەکە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانیان، ئێرانیان بە ھۆکاری تێکدانی دۆخەکە تۆمەتبار کرد. ژانەرە میدیاییەکانی سەدر بەس نەبوو بۆ ئەوەی بە ئاشکرا دەنگی ناڕەزایەتی دژبە دەستوەردانی ئێران نیشان بدە، بەقەدەر ئەوەی رۆژی دووشەممە ١٣ی حوزەیران لە گەورەترین یاریگای عێراق بە ناوی یاریگای شەعب بوو لە کاتی یارییەکی تۆپی پێیدا بۆ جامی عێراق، ھەزاران کەس لە ھەندەرانی نێو یارییەکە دروشمیان دژبە ئێران کێشا و گوتیان: "بۆ دەرەوە ئێران، ھەموو گەل لەگەڵتدایە سەدر".

ئەوە بە ئاشکرا ھەستی پێدەکرێت کە ئەگەر جوڵەی شەقام لە لایەن سەدرەوە کە لایەنگرەکانی پێیان خۆش نییە سەرەڕای بردنەوەی ھەڵبژاردن وا لە قافڵەی سیاسی بەپاش بکەون، کە ھەڕەشە لە کۆی پڕۆسەی سیاسی دەکات، تەنانەت ھەندێک لە چاودێران سەرھەڵدانی شەڕێکی ناوخۆ لە نێوان شیعەکاندا بە دوور نازانن.

بۆیە چاوەڕوان دەکرێت چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دانوستانەکانیدا رەوتی سەدر لەبیر ناکات و لانیکەم تیڕوانینی خۆیان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق لەگەڵ سەدرییەکان باس بکەن، ھەر بۆیەش چوارچێوەی ھەماھەنگی لە یەکەم کاردانەوەیدا لەبارەی دەستلەکار کێشانەوەی بە کۆمەڵی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر دووپاتیان کردەوە کە خوازیاری بوونی سەدرییەکانیشن لە حکوومەتدا.

ئەوە وەک تێبینیەک لای چوارچێوەی ھەماھەنگی پرسێکی گرنگە، کە پێکھێنانی حکوومەت ئەگەر بەھێزەوە بێت، باشتر دەتوانن بەرگەی ھەر چەشنە فشارێک بگرن. ئەوەش وا دەکات، چوارچێوەی ھەماھەنگی لە پاڵ کورد و سوننە، چاوی لە بەشداریی سەدرییەکان یان لانی کەم لاری نەبوونیان بێت لە رەوتی پێکھێنانی حکوومەتدا و بەم شێوەیە بتوانن "پلانی سیاسەتی شەقام" پووچەڵ بکەنەوە.

ــ چارەنووسی ھاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە
ئەگەرچی تا ئێستا بە فەرمی نە سوننە و نە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵوێستی فەرمی خۆیان لەبارەی داھاتووی ھاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشیمان رانەگەیاندووە، بەڵام بەھۆی بوونی خاڵی ھاوبەشی کورد و سوننە بەرامبەر ئەزموونی دەوڵەتداری شیعە، ئەستەمە خواستەکانی لێک جیا ببێتەوە.

لەم بارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند کە "ھاوپەیمانی سێقۆڵی بە دەستلەکارکێشانەوەی سەدرییەکان کۆتایی پێھاتووە و پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی ئەگەر بیانەوێت بەردەوام بن دەبیتَ بیر لە چوارچێوە و ناوێکی ھاوبەش بکەنەوە".

بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان لایەنەکانی سوننە لە سەرووی ھەموویانەوە ھاوپەیمانی سەروەریی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە نوێنەرایەتی زۆرینەی ھەرێمی کوردستان دەکات، دەست پێ بکات و ئەگەر ھەیە ھەردوو لایەن بە یەک پاکێجەوە بەدەم خواستەکانیان لە دیالۆگەکان بچن.

پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەرەوەیی'ش کارتی دەستلەکارکێشانەوەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەبەر دەستدایە. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "چاوەڕوانی ئەمری سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئەوەی دەست لەکار کێشانەوەکەمان پێشکەش بکەین".
ئەوە بە دیدێکی دیکەوە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ سوننە و کورد کە جارێکی دیکە خواستەکانیان لە عێراقدا پێناسە بکەنەوە و لە ئەدای حکوومەتی عێراقدا بیگونجێنن. کورد بە جیا و سوننە بە جیا خۆیان بە زیانمەندی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەزانن، بە تایبەتیی لە ١٧ ساڵی رابردوودا کە شیعە تاکلایەنە حوکمی عێراقی کردووە.

رەنگە تەمووز، گەرمترین مانگی عێراق، ئەمساڵ گەرمترین مانگیش بێ بۆ سیاسییەکانی وڵات و گرێ کوێرەی هەشت مانگەی رێکەوتنی لایەنەکان و پێکهێنانی حکوومەت بکرێتەوە و یان بە پێچەوانەوە، شەقامی عێراقی ئەمجارەش هاوشێوەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ قسەی هەبێت.