کوردستان

12:57 - 27/06/2022

دانەگاز: بەرهەمهێنانى گاز لە کۆرمۆر بەردەوامە، بەڵام فراوانکردن راگیراوە‌



کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکانی چەند رۆژی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هیچ زیانێکیان نەبووە و بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بەشێوەیەکی ئاسایی لە کێڵگەکە بەردەوامە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆمپانیای دانەگاز کە کاری بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات ڕایگەیاند، "دوای رووداوەکەی رۆژی 22ی حوزەیران، دوو مووشەکی دیکە لە رۆژانی هەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتنەخوارەوە". 


ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکان هیچ زیانێکیان نەبووە، چالاکییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن، بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم 250 بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە باری ئەمنی توندوتۆڵتر دەکرێت".


دەشڵێت، " لە نزیکەوە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق پاڵپشتیی بەهێزیی خۆیان دەربڕیووە، وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئەم هێرشانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی گرتووەتەربەر بۆ زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە کۆرمۆر، لەوانەش هێنانی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوەکان".


لە رۆژى چوارشەممەى رابردوو تاوەکو رۆژى شەممە، سێجار هێرشى موشەکى بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ ئەنجامدران، لەدوای ئەوەش ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنیی هەرێمی کوردستان لە پێشمەرگە، ئاسایش، کۆماندۆ، دژەتیرۆ و پۆلیسی نەوت و گاز چوونەتە سنووری کێڵگەکە و ناوچەکە دەپارێزن.