کوردستان

11:29 - 07/02/2019

به‌پێی بودجه‌ی گشتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌مانگی شوباته‌وه‌ ئەژمار دەكرێت‌

پەیسەر

بودجەی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لەمانگی شوباتەوە ئەژمار دەكرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: وەزارەتی دارایی فیدراڵی وێنەیەكی لە یاسای بودجەی 2019 لابووە و لەدوای واژۆكردنی یاساكە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دەستی كردووە بەدەركردنی رێنمای بۆ جێبەجێكردنی.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران دەشڵێت، دەركردنی رێنمای ماوەیەكی زۆری ناوێت، چونكە هەر رێنمایەكانی ساڵانی پێشوویە بەكەمێك دەستكاریەوە، بۆیە لەچەند رۆژی داهاتوودا یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەبارەت بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش ئەحمەدحاجی رەشید رایگەیاند: بەپێی یاسا هەركاتێك پەسەندكردنی بودجە دوا كەوت ئەوە پێنج خەرجی حكومەت بەشێوەی 1 لەسەر 12 پارەیان بۆ تەرخان دەكرێت ئەوانیش ( موچەی فەرمانبەران و ئەو پارانەی پێویستە حكومەت بیاندات، خەرجیەكانی بواری ئەمنی، و نەسریەی وەزارەتەكان) بۆیە لەمانگی یەكی ئەمساڵدا حكومەتی عێراق لەسەربنەمای یەك لەسەر 12 بڕی 317 ملیار دیناری رەوانەی هەرێم كردووە، ئەگەر چی لایەنی بەغداد دەڵێت 450 ملیار بووە.

ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەشدەكات لەمانگی 2ی ئەم ساڵەوە مانگانە بڕی 522 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێم دەكرێت.