کوردستان

01:32 - 07/02/2019

توركمانەكانی كەركوك بەشداری كۆبونەوەكەی هەولێر ناكەن‌

پەیسەر

توركمانەكانی كەركوك بەشداری كۆبونەوەكەی هەولێر ناكەن و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاش دەڵێت ئەگەر عەرەب و توركمانەكان بەشداری نەكەن كۆبونەوەكە شكست دەهێنێت...

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە بەرەی توركمانی وەڵامی داواكاری یەكێتی و پارتی بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لەشاری هەولێر داوەتەوە و رایگەیاندووە لەدەرەوەی كەركوك بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكەن، و هەر كۆبونەوەیەكیش پێویستە لەناو كەركوك بكرێت.

لای خۆیەوە ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەپەیسەرپرێسی راگەیاند لیستی برایەتی  بەشداری كۆبونەوەكەی هەولێر دەكات، دەشڵێت ئەگەر عەرەب و توركمانەكان بەشداری كۆبونەوەكەی هەولێر نەكەن، ئەوە كۆبونەوەكە شكست دەهێنێت.

رۆژی 5ی شوبات پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەشاری هەولێر كۆبونەوە و لەكۆبونەوەكەدا لەسەر ئەوە رێككەوتن كە 18ی شوبات كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەشاری هەولێر بەرێوەبچێت.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت كە 26 ئەندامیان لەلیستی برایەتی كەركوكن كە زۆرینەیان كوردن هەروەها بەرەی توركمانی 8 ئەندام و گردبوونەوەی عەرەبی 5 ئەندامی و هاوپەیمانیەتی ئیسلامی و توركمانی 1 كورسی و گردبونەوەی نیشتمانی عێراق 1 كورسی هەیە، و لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و هێرشی سوپا و حەشدی شەعبی رێبوارتاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنەكە شارەكەی جێهێشت و ڕووی كردە هەولێر، و لەوكاتەوە كارەكانی ئەنجومەن پەكی كەوتووە و حكومەتی عێراقیش راكان جبوری بەپارێزگاری كاتی شارەكە دەستنیشانكرد.