کوردستان

02:31 - 10/02/2019

گۆڕان پێشنیارێكی نوێ دەربارەی دەسەڵاتی دادوەری دەداتە یەكێتی و پارتی‌

پەیسەر

پارتی دەیەوێت هەژمونی خۆی بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا بهێڵێتەوە و یەكێتیش دەیەوێت دابەشی بكات، گۆران دەیەوێت ئەنجومەنی دادوەری بێلایەن بێت..

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە لەمیانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت باسی دەسەڵاتی دادوەری كراوە، سەرچاوەكە دەڵێت پارتی دەیەوێت هەژمونی خۆی بەسەر ئەو دەسەڵاتەدا بهێڵێتەوە و یەكێتیش دەیەوێت نیوەی جومگەكانی ئەو دەسەڵاتە وەربگرێت.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی ئەوەی كردووە كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری خانەنشین بكرێن و خەڵكانی بێلایەن شوێنیان بگرێتەوە و بەرەبەرە ئەو دەسەتە لەدەستی حزب و دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان جیابكرێتەوە، بەڵام پارتی و یەكێتی ئەو پێشنیارەیان پێ باش نەبووە.

بەپێی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007 دەسەڵاتی دادوەری بەتەواوەتی لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن جیاكراوەتەوە و بەدەسەڵاتێكی سەربەخۆ ناسێندراوە و بەهۆیەوە ئەنجومەنی دادوەری دروستكرا.

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم پێكدێت لە :
1- سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە و جێگرەكانی
2- سەرۆكانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوەی ( هەولێر- دهۆك- سلێمانی- كەركوك/ گەرمیان)
3- سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری
4- سەرۆكی داواكاری گشتی