کوردستان

09:49 - 11/02/2019

سیناریۆكانی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەند سیناریۆیەكی تاوتوێكردووە، ئەوەش بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، كە پشكی ئەو حیزبەیە لەپێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەرۆژی شەممەی رابردوو سێ‌ سیناریۆ بۆ دیاریكردنی كاندیدی پەرلەمان تاوتوێكراوە، بەڵام نەگەیشتوون بەرێككەوتن لەبارەی یەكێك لەسیناریۆكان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، سیناریۆكان بریتی بووە، لەوەی بەدەنگدان لەناو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كاندیدێك یەكلابكرێتەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، یان لەناو فراكسیۆنی یەكێتی دەنگ لەسەر كەسێك بدرێت بۆ كاندیدی حیزبەكە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، یان هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان خۆیان كاندید بكەن، كامیان زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، ئەوە ببێتە سەرۆكی پەرلەمان.

لەناو یەكێتی ناوی هەریەكە لە بێگەرد تاڵەبانی ‌و رێواز فایەق هاتووە، بۆ ئەوەی یەكێكیان ببێت بەكاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان، كە لەو بارەشەوە كێشە هەیە، بۆیە تائێستا مەكتەبی سیاسی لەسەر هیچ كام لەسیناریۆكان یەكلانەبووەتەوەو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیارینەكردووە.

بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتییەو ماوەیەكیش لەخولی چوارەم سكرتێری پەرلەمان بووە، كە لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانی پشتگیری دەكرێت، بۆ بوون بەسەرۆكی پەرلەمان، رێواز فایەقیش لەخولی چوارەم پەرلەمانتار بووەو لەلایەن باڵی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پشتگیری دەكرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەگەر دەنگدانەكە لەناو سەركردایەتی یەكێتی ئەنجامبدرێت، ئەوە چانسی بێگەرد تاڵەبانی بەهێزە بۆ دەرچوون‌و ئەگەر لەناو فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لەپەرلەمانی كوردستان-یش دەنگدان ئەنجامبدرێت، ئەوە رێواز فایەق چانسی زیاتر دەبێت.

یەكێتی 21 كورسی پەرلەمانی هەیەو هێزی دووەمی پەرلەمانە، كە جگە لەیەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەو حزبە لەكابینەی داهاتوو، رەنگە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیش بۆ ئەو حیزبە بێت، كە قوباد تاڵەبانی كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.