کوردستان

12:29 - 12/02/2019

گرفتی بەردەم رێكەوتنی پارتی و یەكێتی‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی چەند خاڵێكیان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی رێككەوتنی لەسەر بكەن، بەڵام نەبوونی متمانە واژووكردنی رێككەوتنەكەی دواخستووە.

ئەو خاڵانەی پارتی‌و یەكێتی ئامادەیان كردووە، بریتییە لە 18 خاڵ، بۆ ئەوەی وەك رێككەوتنێكی چوار ساڵی لەسەری رێكبكەون، بۆ كاری هاوبەش‌و ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان لەماوەی ئەو چوار ساڵەی داهاتوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، پارتی بەناوەڕۆكی خاڵەكان‌و رێككەوتنەكەش رازییە، بەڵام متمانەی بەیەكێتی نییە بۆ جێبەجێكردنی.

هەر بەپێی زانیارییەكان كێشەی پارتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتی نییەو هەر باڵێكی ئەو حیزبە رێككەتنەكە واژووبكات، ئەوە رەنگە باڵەكەی تر پابەند نەبێت پێیەوەو كێشە بۆ جێبەجێكردنی رێككەتنەكە لەو چوار ساڵە دروست بێت.

ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە وا باسكراوە، كە پارتی‌و یەكێتی كاردەكەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، هەروەها یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو هەردوولا هەوڵدەدەن دوور لەململانێی سیاسی پارێزگاری نوێی كەركوك دەستنیشانبكەن، هاوكات ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقیش بكەن.

لەبەشێكی تری خاڵەكان هاتووە، كە پارتی‌و یەكێتی هەوڵدەدەن لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا دەستووری هەرێمی كوردستان پەسەند بكەن، لەگەڵ كاركردن بۆ ئەوەی حكومەت بەرنامەیەكی هەبێت‌و بەرنامەكەش بەتەواوی جێبەجێبكرێت.