کوردستان

06:00 - 12/02/2019

پەیسەرپرێس نهێنیەكانی كۆبونەوەكەی پارتی و كۆمەڵ ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆبوونه‌وه‌، پارتی ناوەرۆكی پرۆژەكەی گۆڕان بۆ حكومەت دەداتە كۆمەڵ و وه‌فدی كۆمه‌ڵیش پێیان راده‌یگه‌یه‌نێت پڕۆژه‌كه‌ی گۆڕانیان قه‌بوڵه‌ و خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەكۆبونەوەكەی رۆژی سێشەممەی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كە لەشاری هەولێر بەرێوەچوو، پارتی لەسەرەتادا داوای لەكۆمەڵ كردووە لاپەرەیەكی نوێی هەڵبدەنەوە پاشان باسی ناوەرۆكی پرۆژەی گۆڕانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت كردووە و پرۆژەكەشیان پێ بووە، كۆمەڵی ئیسلامیش رایگەیاندووە زۆرینەی داواكاریەكانی گۆڕان داواكاری ئەوانیشە و خاڵی هاوبەشە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، لەكۆبونەوەكەدا باسی رێككەوتنی دووقۆڵی پارتی و كۆمەڵ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت كراوە و رێككەوتنەكەش بۆ ماوەی چوارساڵە، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی پێی باش بووە رێككەوتنێكی چوارقۆڵی گۆڕان – كۆمەڵ- پارتی- یەكێتی بكرێت باشترە لەرێككەوتنی دووقۆڵی و پارتی و لایەنەكانی تر.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، پارتی داوای لەكۆمەڵ كردووە بەشداری كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بكەن و ناوەرۆكی كۆبونەوەكەشیان بۆ كۆمەڵ باسكردووە و كۆمەڵی ئیسلامیش بڕیاریداوە بەشداری بكات، بەڵام رایگەیاندووە لەئێستادا بڕیار لەسەر ئەوە نادەن كە دەنگ بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بدەن، و ئەگەر بڕیاریاندا بەشداری حكومەت نەكەن ئەوە پەرلەمانتارانیان ئازاد دەكەن كە دەنگ بەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەدەن یان نا.

سەبارەت بەپۆستەكانیش سەرچاوەكە دەڵێت كۆمەڵی ئیسلامی داوای دوو وەزارەتی كردووە كە یەكێكیان وەزارەتی پەروەردەیە بەڵام وەفدی پارتی رایگەیاندووە ئەو وەزارەتە بۆ گۆڕان دانراوە.

هەروەها پارتی بەكۆمەڵی ئیسلامی راگەیاندووە، هیچ پۆستێكیان لەسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم ( پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم ) نابێت كۆمەڵیش بەوە رازی بووە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەخولی پێشوودا كۆمەڵی ئیسلامی سكرتێری پەرلەمانی هەبوو. بەپێی زانیاریەكان بڕیارە لەم هەفتەیەدا كۆمەڵی ئیسلامی كۆببێتەوە و وەڵامی پارتی بداتەوە.