کوردستان

04:15 - 17/02/2019

بەرهەم ساڵح پێشنیارێك لەبارەی كاتی بەستنی كۆنگرەی یەكێتیەوە دەكات‌

پەیسەر

لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پرسی كۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە گفتوگۆی لەبارەوە كراوە و تیایدا بەرهەم ساڵح پێشنیاری ئەنجامدانی كۆنگرەی لە مانگەكانی ئایار یان حوزەیرانی داهاتوودا بێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەو بارەوە نەدراوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی كۆنگرەی حیزبەكەیانەوە  رایانگەیاندووە كاری لەپێشینە لەئێستادا پرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەت و وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و وەرگرتنی وەزیری دادی عێراق و رێككەوتنی دووقۆڵی پارتی و یەكێتی بۆیە داوایانكردووە پرسی دیاریكردنی كاتی كۆنگرەی چوارەم دوابخرێت، بۆ كۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لەوێدا كاتەكەی دیاری بكرێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەساڵی 1975 دامەزراوە و لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا سێ‌ كۆنگرەی ئەنجامداوە، بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی سێیەمیش دەبێت هەر سێ ساڵ جارێك كۆنگرە بكات، بەڵام دواهەمین كۆنگرەی ئەو حزبە لە 1ی حوزەیرانی ساڵی 2010 بەستراوە، هیچ كۆنگرەیەك نەكراوە.