کوردستان

10:06 - 21/02/2019

وەڵامی پارتی لەبارەی داواكاری یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی چاوی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەو وەك پێشنیازێكی نوێ‌ دەیخاتە بەردەم پارتی دیموكرات، بەڵام ئەو پارتە ئامادەنییە گفتوگۆی لەسەر بكات.

لەوبارەوە ئەندامێكی وەفدی دانوستانكاری پارتی كە ناوەكەی بۆ خوێنەرانی پەیسەرپرێس ئاشكرا نەكرد رایگەیاند: یەكێتی نیشتمانی نایەوێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی دوو شەممەی رابردوو پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبێ‌ ئەو حیزبە هەڵبژێران.

گوتیشی: لەبەرانبەر دەستبەرداربوون لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان، یەكێتی چاوی لەوەیە، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەربگرێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی كە لە زۆربەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ بەشدارە گوتی: یەكێتی تائێستا بەفەرمی ئەو داوایەی نەخستووەتە بەردەمیان، ئەگەر ئەو داوایەش بكەن، ئەوان گفتوگۆی لەسەر ناكەن.

بەرپرسەكە بەبیانووی ئەوەی ناتوانێت بەفەرمی لێدوان بدات، داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە گوتیشی: ئێمە لەگەڵ یەكێتی لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتووین‌و پێشتر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەك پشكی سەرەكی بۆ ئەو حیزبە دیاریكراوەو ئێستاش پابەندی بەو گفتوگۆیانەی لەو بارەوە كراوە، بۆیە جارێكی تر ناچینەوە خاڵی سەرەتاو لەوێوە دەستپێبكەین، كە لەگەڵ یەكێتی پێی گەیشتوون.

پابەندی حیزبەكەشی دووپاتكردەوە، بە پێدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەیەكێتی، كە ئێستا پۆستەكە لای پارتی دیموكراتەو وتی: هەركاتێك یەكێتی كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەبوو، ئەوە راستەوخۆ سەرۆكی ئێستای پەرلەمان دەستلەكاردەكێشێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر پارتی‌و یەكێتی لەسەر ئەوە گفتوگۆیان كردبوو، كە پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و حكومەت بۆ پارتی بێت‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ یەكێتی بێت.

رۆژی دوو شەممەی رابردوو پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوەو بەبێ‌ یەكێتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرا، كە بەشداری نەكردنی یەكێتی بەهۆی نەگەیشتنە رێككەوتنی بوو لەگەڵ پارتی دیموكرات.