کوردستان

10:23 - 28/11/2018

رێكەوتنێكی نوێی یەكێتی و پارتی‌

پەیسەر

یەكێتی و پارتی لە رێكەوتن نزیك دەبنەوە، بە پێی زانیارییەكان باڵێكی یەكێتی كە كۆسرەت رەسوڵ  رابەرایەتی دەكات، سەرپەرشتی رێكەوتنەكە و لەیەك نزیكبوونەوەكەیان كردووە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەست پەیسەرپرێس كەووتوە، رێكەوتنەكە بەشێوەیەكە، كە یەكێتی و پارتی لەماوەی یەك ساڵدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ، هەموار بكەنەوە و سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی و جێگرەكەشی یەكێتی دەبێت.

 

پارتی دەیەوێت لە رێی رێكەوتنەكەیانەوە پشتیوانی یەكێتی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمان دەست بكەوێت.

 

بەشێكی  رێكەوتنەكەش سەبارەت بە حكومەتی هەرێمە، بە پێی ئەو پڕۆژەیەی هەردوو لا گەڵاڵەیان كردووە، ئەو باڵەی یەكێتی رازیبوون بەوەی حكومەتی هەرێم دوو جێگری هەبێت، كۆسرەت رەسوڵ بە نیازە دەرباز كۆسرەت بكاتە جێگری سەرۆكی حكومەت و لەم روەوە داوای پشتیوانی پارتی كردووە.

 

رێكەوتنەكەی پارتی و یەكێتی لەبارەی پەرلەمانیشەوە بەشێوەیەكە كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی بێت و جێگری یەكەمیشی بۆ پارتی دەبێت.

 

باڵەكەی یەكێتی لەگەڵ پارتی سەبارەت بە وەزارەتەكانیش رێكەوتنی سەرەتاییان كردووە و پارتی بە نیازە لە 50%ی وەزارەتەكان ببات و 50%ی وەزارەتەكانی دیكە لە نێوان گۆڕان و یەكێتی دابەشبكات.

 

هەر بە پێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە وەزارەتە سیادییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان وەزارەتەكانی سامانە سروشتییەكان و ناوخۆ و خوێندنی باڵا دەبات و پێشمەرگە و تەندروستیش بۆ یەكێتی نیشتیمانی دەبێت.