کوردستان

04:36 - 02/03/2019

پارتی داوای ڕونكردنەوە لەیەكێتی دەكات‌

پەیسەر

وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە، لەبارەی كۆبوونەوەكانیشیانەوە پارتی داوای رونكردنەوەی كردووە.

پێشتر پەیسەرپرێس بڵاویكردەوە، كە ئامانجی سەردانی وەفدە باڵاكەی یەكێتی بۆ بەغدا، گفتوگۆكردن بووە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان تا هاوكاریان بن بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستی وەزارەتی داد و پۆستی پارێزگاری كەركوك.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە پەیسەرپرێس دراوە، لەسەر ئەو سەردانەوە و ئامانجەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای رونكردنەوەی لە یەكێتی نیشتیمانی كردووە.

زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، پارتی بە نیازە لە كۆبوونەوەكەی سبەنێیان لەگەڵ یەكێتی، باسی سەردانی وەفدە باڵاكەی یەكێتی بكات.

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی ئەوەی بۆ پەیسەر ئاشكرا كرد، پارتی چەند زانیارییەكی لەسەر كۆبوونەوەكە پێگەیشتوە و دەیەوێت لەسەر ئەو زانیاریانە لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ بكات.

پێشتر یەكێتی و پارتی لە رێكەوتنی 5ی شوبات لەسەر ئەوە رێكەوتبوون كە بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك و پۆستەكانی كورد لە بەغدا بە هەماهەنگی و پێكەوە وەفد بنێرن بۆ بەغدا، بۆیە ئەو هەنگاوە یەكێتی نیگەرانی ئەو حیزبەی لێكەوتوبوەوە و لەو چوارچێوەیەشدا پارتی بۆ رێگری لەهەر كارێك دژ بە خواستی ئەو لە بەغدا هەنگاوی بۆ بنرێت لەلایەن یەكێتییەوە وەفدێكی بەسەرۆكایەتی هۆشیار زێباری رەوانەی بەغدا كردبوو.