کوردستان

04:02 - 10/03/2019

پارتی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم خێراتر دەكات‌

پەیسەر

پارتی دیموكرات هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خێراتر دەكات‌و بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكە كۆبوونەوەی كردووە.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی ئەمڕۆ یەك شەممە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە بەرێوەچوو، بەقسەی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی، ئامانجی كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردن بووە لەسەر پێكهێنانی حكومەت.

هەر بەقسەی ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی بۆ پەیسەرپرێس، كە بەهۆی نەبوونی مۆڵەت بۆ لێدوان داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، پارتی لەم كۆبوونەوەیە جەختی لەوە كردووەتەوە، كە دەبێت هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكرێت، بۆ ئەوەش چەند میكانیزمێك دانراوە، بەبێ‌ ئەوەی ئامادەبێت وردەكارییەكەی ئاشكرابكات.

پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووە، كە بۆ پێكهێنانی حكومەت رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان واژووكردووەو لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیش گەیشتووەتە رێككەوتن.

سەركردەكەی پارتی جەختیكردەوە، دەیانەوێت پێش پشووەكانی نەورۆز یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوەو سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان هەڵبژێرێت، دواتر سەرۆكی هەرێم كاندیدی سەرۆكی حكومەت رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئێستا كێشەی بەردەم هەمواركردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، یەكێتی نیشتمانییە، كە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی نەیتوانیوە كاندیدی ئەو پۆستانە یەكلابكاتەوە، كە بەری دەكەوێت، بەتایبەتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی جەختیكردەوە، پارتی چیتر گوێ‌ بەنەهاتنە پێشەوەی یەكێتی نادات‌و لەچەند رۆژی داهاتوو دەست بەو هەنگاوانە دەكات، كە بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستە.

هاوكات دوای كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی پارتی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، بەواژۆی ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی كردووە، لەرۆژی سێ شەممە ئامادەی دانیشتنی ژمارە دووی ئاسایی ساڵی یەكەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بن.

سەرۆكایەتی پەرلەمان كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئاشكرانەكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، بۆ دوو تەوەرە، تەوەری یەكەم پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان‌و تەوەری دووەمیش قسەكردنی فراكسیۆنەكانە لەسەر چۆنییەتی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم