کوردستان

10:10 - 14/03/2019

یەكێتی داوای دوو پۆستی باڵا لە پارتی دەكات‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی لەبەرانبەر رازی بوون بەپێدانی پۆستی وەزارەتی ناوخۆو سامانەسروشییەكان بەپارتی دیموكرات داوای دوو پۆستی باڵای كردووە، بەڵام پارتی داواكەی رەتكردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، یەكێتی نیشتمانی رازی بوونی خۆی نیشانداوە بەوەی پارتی پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆو سامانەسروشییەكان وەربگرێت، بەڵام لەبەرانبەر ئەوە داوای پۆستەكانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش‌و بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی پەیوەندییەكانی كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەرپرسانی یەكێتی جەختیانكردووەتەوە، كە وەزارەتی ناوخۆ بەرانبەر پۆستی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشەو پۆستی وەزارەتی سامانەسروشییەكانیش بەرانبەر پۆستی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بۆیە مافی خۆیانە ئەو دوو پۆستە وەربگرن.

ئەو داواكارییەی یەكێتی لەپارتی لەمیانی گفتوگۆی ئەو لیژنانە بووە، كە هەردوولا بەمەبەستی رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نۆ پێكیانهێناوە، بەڵام زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە پارتی ئەو داواكارییەی یەكێتی رەتكردووەتەوە.

هەروەها پەیسەرپرێس ئەوەی زانیوە، كە بەرپرسانی پارتی جەختیانكردووەتەوە، ئەوان گفتوگۆ لەسەر ئەو چوار پۆستە ناكەن، كە بۆ خۆیان یەكلابووەتەوەو یەكێتی دەتوانێت داوای پۆستی تر بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 4ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنە ئەنجام لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، ئێستا كێشە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دروستبووەو بەو هۆیەشەوە پێكهێنانی حكومەت زیاتر دواكەوتووە.