کوردستان

09:43 - 19/03/2019

زانیارییەكان سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی‌

پەیسەر

یەكێتی و پارتی بەلیژنەیەكی دانوستانكاری نوێوە دەچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێت دوا دانیشتنی پێش هەمواری یاسای سەرۆكایەتیە.

بڕیارە ئەمرۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی سەردانی شاری سلێمانی بكات بەمەبەستی كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند بۆ دواجار لەدەرگای یەكێتی دەدەن و داوایان لێدەكەن بەشداری كۆبونەوەكانی پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكەن.

دەشڵێ‌: ئەگەر یەكێتی رازی نەبوو ئەوە سبەینێ مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە بڕیاری كۆتایی دەربارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت و هەمواری یاسای سەرۆكایەتی دەدات.

كۆبونەوەكەی یەكێتی و پارتی لەكاتێكدایە هەردوولا لیژنەی دانوستانكاریان گۆڕیوە بەجۆرێك لە یەكێتی رەفعەت عەبدوڵا و عیماد ئەحمەد و لاهور شێخ جەنگی و عەدنانی حەمەی مینا و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەكەن لەپارتیش كەمال كەركوكی و كاكەمین نەجار و دڵشاد شەهاب و عەلی حوسێن و فرسەت سۆفی و هێمن هەورامی بەشدار دەبن.

سەبارەت بەگۆڕینی لیژنەی دانوستانكاریش سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، یەكێتی و پارتی بە بنبەست گەیشتوون و ترس هەبووە رێككەوتنەكەی 4ی ئازار هەڵوەشێتەوە بۆیە لیژنەی دانوستانكاری نوێیان دروست كردووە بۆ ئەوەی بتوانن دەرچەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانیان بدۆزنەوە.