کوردستان

06:41 - 24/03/2019

لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی مەرجی هەیە‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پەیامی هۆشداری دەگەیەنێتە پارتی دیموكراتی كوردستان، كە نایەوێت بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواربكرێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پەیسەرپرێس، شاندی یەكێتی لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە لەگەڵ شاندی پارتی پەیامی ئەو داوایەیەی گەیاندووەتە ئەو حیزبە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پەیامەكە بەشێوەیەكە، كە نابێت پارتی لەهەنگاوی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەردەوام بێت، هەتا لەگەڵ یەكێتی نەگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

پارتی ماوەیەكە دەستی بەچەند هەوڵێك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كردووە، بڕیارە لەكۆتایی ئەم مانگەش لەپەرلەمانەوە هەوڵەكانی بخاتە بواری جێبەجێكردن.

ئەمە لەكاتێكدایە، پارتی‌و یەكێتی وەك هێزی یەكەم‌و دووەمی هەرێم لەسەر پێكهێنانی حكومەت نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، ئەوەش بەهۆی بوونی چەند كێشەیەك لەنێوانیان، بەتایبەتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان.