کوردستان

12:32 - 29/03/2019

له‌ژێر فشاردا یه‌كێتى و پارتى دانوستان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌‌

پەیسەر

بڕیاره‌ یه‌كێتى و پارتى هه‌فته‌ى داهاتوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزى دانوستانه‌كان و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ ئه‌نجامبده‌ن، له‌پێناو رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتووه‌، ئەمریکا نێوه‌ندگیرى له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى كردووه‌و له‌رێگه‌ى باڵیۆزخانه‌كه‌یه‌وه‌ فشارى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزى دانوستان و رێكبكه‌ون.

به‌پێى زانیارییه‌كان هه‌ردوولا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دانوستانیان پەسەندكردووه‌و بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌مڕۆ هه‌ینى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ هه‌ولێر كۆده‌بێته‌وه‌و تاووتوێى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دانوستان و ئه‌و فشارانه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر حزبه‌كه‌یه‌.

یه‌كێتى له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ پارتى ئازادكردبوو له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت، دواى ئه‌وه‌ش پارتى پرۆژه‌ یاساى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى پێشكه‌شى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان كرد.

یه‌كێتى و پارتى تا ئێستا ١٢ كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌و دوو رێككه‌وتنیشیان له‌گه‌ڵ یه‌كدى واژۆكردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ ئه‌نجام بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.