کوردستان

02:38 - 06/04/2019

نێچیرڤان بارزانی داوایەك لە عادل عەبدولمەهدی دەكات‌

پەیسەر

بەهۆی ئەوەی وەزیری سامانەسروشتیەكان لەدەرەوەی وڵاتە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش نوێنەری رەوانەی دادگای فیدراڵی نەكرد پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ 7ی مانگی داهاتوو دواخرا.

رۆژی 4ی نیسان دادگای فیدراڵی عێراق كۆبۆوە بۆ سەیركردنی تانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رێگری لەهەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاشتی هەورامی لەدەرەوەی وڵات بووە و نێچیرڤان بارزانیش هیچ لائیحەیەكی بۆ رونكردنەوە سەبارەت بەهەناردەی نەوت نەبوو پرسەكە بۆ 7ی مانگی داهاتوو دواخرا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەپەیسەرپرێسی راگەیاند حكومەتی هەرێم نایەوێت ئەم پرسە لەرێگەی دادگای فیدرڵیەوە یەكلایی بكرێتەوە بۆیە داوای لەعادل عەبدولمەهدی كردووە تا دەركردنی یاسای نەوت و غاز فشار لەسەر وەزیری نەوت بكات بۆ ئەوەی سكاڵاكەی بكێشێتەوە.

هەر لەبارەی ئەو پرسەوە و بۆ رێگریكردن لە هەوڵەكانی دادگای فیدڕاڵ لەسەر نەوتی هەرێم، فودا حوسێن وەزیری دارای عێراقیش لەنوسراوێكدا بۆ دادگای فیدراڵی پشتیوانی ئەو بۆچوونەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە.