کوردستان

04:17 - 11/04/2019

پارتی پەیامێك لەبارەی رێككەوتنەكەیانەوە دەداتە یەكێتی‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ و دابەشكردنی پۆستەكان رێككەوتن، بەڵام بەهۆی نیگەرانییەكانی گۆڕانەوە رێككەوتنەكە تا ئێستا واژوو نەكراوەو لەبارەی كاتی واژوكردنیشیەوە پارتی پەیامێكی داوەتە یەكێتی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بە پەیسەرپرێس دراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی نیشتیمانی لەكاتی واژووكردنی رێككەوتنەكەیان ئاگاداركردوەتەوە و لەكاتی پەیامەكەیاندا ئەوەی راگەیاندووە تا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر نیگەرانییەكانیان نەگەنە رێككەوتن واژووی رێككەوتنەكە ناكەن.

هەنگاوەكەی پارتی دوای ئەوە دێت كە یەكێتی بەفەرمی چەند جارێك پەیوەندی بەپارتیەوە كردووە و پێی راگەیاندووە كە ئەوان ئامادەی واژۆكردنی رێككەوتنی دووقۆڵین، و دەشیانەوێت پەلە لەو هەنگاوە بكرێت.

بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ یەكێتی و پارتی زیاتر لە 10 كۆبوونەوەیان كردووە و سێ‌ رێككەوتنیان لەنێواندا هەبووە، رێككەوتنی یەكەمیان لە 4ی ئازار ئەنجامدا بەڵام بەهۆی پاشگەزبوونەوەی یەكێتی، رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراو شكستی هێنا.

لەدوایین رێكەوتنیشیان لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانەوە، پارتی قبوڵیكردووە كە سەرۆكی هەرێم دوو جێگر یان جێگرێك و یاریدەدەرێكی هەبێت، ئەوەش گۆڕانی نیگەران كردووە.