کوردستان

10:41 - 02/12/2018

ژنە ئێزدییه‌كان سكاڵایان لەسەر كۆمپانیایەك تۆمار كرد‌

پەیسەر

ئاژانسەكانی ئەوروپا بڵاویانكردۆتەوە، كۆمەڵێك لەو ژنانەی كە لە لایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش) دەستدرێژی سێكسییان كراوەتە سەر، داوای یاسایی لەسەر كۆمپانیایەك تۆمار دەكەن.

 

لەو بارەییەوە ژنە پارێزەر ئەمل كلونی كە یەكێكە لەوانەی پارێزگاری لە ژنە ئێزدییەكان دەكات لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردووە كە" ئەو ژنانە سكاڵایان لە دژی كۆمپانیایی (لافارج)ی فەرەنسی تۆماركردووە، چونكە ئەو كۆمپانیایە، پارەی داوەتە داعش و لە ڕووی داراییەوە پشتگیریكردوون."

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە:" ئەو لێپیچینەوەیە ڕێگە خۆشكەرە بۆ ئەوەی ئەو لایانەی پاڵپشتی داعشیان كردووە، باجی تاوانەكانیان وەرگرن، بەو سكاڵایەش قەرەبووی ماددی قوربانییەكان دەكرێتەوە."

كۆمپانیایی لافارج ئێستا لە فەرەنسا ڕووبەڕووی لێكۆڵینەوە بوونەتەوە كە كۆمپانیایەكە تایبەتە بە درووستكردنی چیمەنتۆ، ئەو كۆمپانیایە لە باكووری سووریا پاڵپشتی داعشی كردووە، بۆ ئەوەی لە كارە تاوانكارییەكانیان بەردەوام بن.

لێكۆڵینەوە لە كۆمپانیای لافارج دەبێتە یەكەمین كەیس كە دژی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی ئەنجامدرابێت كە باڵێكی بەهێزی دارایی چەكدارانی داعش بوون.
بە پێی ئامارە نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ داگیركردنی ناوچەكانی شەنگال و خانەسور و كۆجە زیاتر لە پێنج هەزار ژن و كچی ئێزدیی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش، چیرۆكی خەمهێنەری گەورەیان بۆ نەوەكانی دواتر جێهێشت كە چۆن دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر.