کوردستان

06:25 - 16/04/2019

پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق پێكەوە سنورەكانی ناوچە جێناكۆكان دەپارێزن‌

پەیسەر

دوای كۆبوونەوەی وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم و وەفدێكی وەزارەتی بەرگری عێراق، بڕیارداوە دەوامی هێزەكانی پێشمەرگە زیاد بكرێت و لەگەڵ هێزە عێراقییەكان پێكەوە سنورەكانی ناوچە جێناكۆكان بپارێزن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەكەی دوێنێی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگری عێراقدا، شاندی عێراق داوایكردووە لەبەرامبەر ناردنی موچەی پێشمەرگە دەبێت ئەو هێزانە لەناوچەجێناكۆكەكان بەشداربن لە پاراستنی ساقامگیری ناوچەكە.

سەرچاوەكە دەڵێت وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵێنی بەوەزارەتی بەرگری عێراق داوە كە ئەو پلانە جێبەجێ دەكات و  دەوامی هێزەكانی پێشمەرگە زیاد بكات.

بەپێی پلانەكەی وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت لە هەر یەك كیلۆمەتری سنوردا هێزێكی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت وەك پێش ساڵی 2014.

سەبارەت بەدەوامی هێزی پێشمەرگە سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەشێك لەهێزەكانی پێشمەرگە وەك پێویست دەوامیان نەكرد، بەهۆی ئەوەی ناوچەكانیان كەوتە دەست حەشدی شەعبی، بەڵام لەدوای رێككەوتنی هەرێم و بەغداد دەوامی ئەو هێزانە زیاد دەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد لەكۆبونەوەكەی دوێنیدا هەردوولا رێككەوتوون لەسەر دروستكردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، یەكێك لەئەركەكانی ئەو ژوورەش ئاڵوگۆری زانیاری هەواڵگری دەبێت، هەروەها ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی تیرۆرستان دەكەن.