کوردستان

06:12 - 17/04/2019

پارتی پرۆژەیەك بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەكات‌

پەیسەر

فراكسیۆنی پارتی پرۆژەیەك بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەكات و هاوپەیمانانیش پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70 و 80 دەكەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەری دژی داعش لەئێستا هەوڵەكانی چركردۆتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70 و 80 و دروستكردنی یەك هێزی نیشتمانی.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی بەهەموو شێوەیەك یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە یەكێتی و پارتی رەتدەكردەوە، بەڵام لەژێر فشاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەئێستادا فراكسیۆنەكەی راسپاردووە پرۆژەیاسایەك بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 ئامادە بكات.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سێ رێگان خستۆتە بەردەم یەكێتی و پارتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70 و 80 و ئەوان ئازادن لەو سێ رێگایە كامیان هەڵدەبژێرن، لەكاتی پابەند نەبوونی یەكێتی و پارتی بەهەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70 و 80 ئه‌وا ئەمریكا هەموو هاوكاریە سەربازی و دارایی و لۆجستیەكانی دەوەستێنێت و راهێنەرە بیانیەكانیش دەرۆنەوە.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، بەشێك لەو سەركردانەی یەكێتی كە خاوەنی هێزی تایبەتی خۆیانن نیگەرانن لەو هەنگاوە و پێیان وایە بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ئەوانە.