کوردستان

06:16 - 20/04/2019

رەوتی حیكمە نیگەرانییەكان دەگەیەنێتە مەسعود بارزانی‌

پەیسەر

رەوتی حیكمە كە عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات، نیگەرانە لەلێدوانێكی هۆشیار زێباری و لەسەر ئەو پرسەش نامەیەك ئاراستەی بارزانی دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە رەوتی حیكمە لەنامەیەكی فەرمیدا بۆ مەسعود بارزانی نیگەرانی خۆی لە تویتێكی هۆشیار زێباری راگەیاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی هۆشیار زێباری ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 17ی نیسان لەتوێتێكدا نوسیبووی رەوتی حیكمە و حزبی دەعوە هەوڵی لابردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەدەن.

رەوتی حیكمە لەنامەكەیدا رایگەیاندووە، پەیامەكەی هۆشیار زێباری پێچەوانەی رێككەوتنی پێشووی لایەنە عێراقیەكان و خزمەت بەدۆخی سیاسی ناكات و پرۆسەی حوكومڕانی ڕووبەڕووی ئاڵۆزی دەكاتەوە.

رەوتی حیكمە لەنامەكەیدا راشیگەیاندووە، ئەوان لەقۆناغە جیاجیاكاندا شەرعیەتیان نەداوە بەخۆیان دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بكەن، لەگەڵ ئەوەی دەیانتوانی، بۆیە دەستوەردانەكەی هۆشیار زێباری لە ناو ماڵی شیعەكان كارێكی ئاسایی نیە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، دوای نامەكەی رەوتی حیكمە، مەسعود بارزانی پەیوەندی بەهۆشیار زێباریەوە كردووە و داوای لێكردووە تویتەكەی بسڕێتەوە و زێباریش تویتەكەی لابردووە.