کوردستان

06:06 - 22/04/2019

هۆكاری دواكەوتنی ئیمزاكردنی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی‌

پەیسەر

دوای ئەوەی یەكێـتی و پارتی لەسەر هەموو پۆستەكانی كابینەی نوێی گەیشتنە رێككەوتن، بەڵام سەرباری چاوەڕوانی یەكێـتی رێككەوتنەكە واژوو نەكراوە، بەپێی زانیارییەكانیش هۆكارەكی كێشە ناوخۆییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەر پرێس لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی كەوتووە، بەهۆی ناكۆكی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەسەر كاندیدی ژمارەیەك وەزارەت، وەفدی دانوستانكاری پارتی كێشەی تێكەوتووە ەو بەهۆیەشەوە واژووكردنی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی دواكەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو كێشانە بێدەنگی هەڵبژاردووە و رایگەیاندووە بێلایەن دەبێت و پشتیوانی هیچ لایەنێكیان ناكات.

لە ئێستادا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دەستیان كردووە بە هەوڵەكانیان و نێوەندگیری نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەكەن.

پێشتر نیچیرڤان داوای دانانەوەی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی كردبوو بۆ ئەوەی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، دوایین جاریش نێچیرڤان بارزانی لیستێكی پێشكەشكردبوو تا لە كابینەی نوێ پۆست وەربگرن بەڵام 15 كەس لەو لیستە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە قبوڵ نەكرابوون و بەوەش كێشەكانی نێوانیان پەرەی سەندووە.

ئەگەرچی یەكێتی داوای لەپارتی كردووە كات و شوێن بۆ واژۆكردنی رێككەوتنی نێوانیان دیاری بكات، بەڵام بەهۆی ئەو كێشانەی ناوخۆی پارتیەوە تائێستا  دیار نیە كەی رێككەوتنەكە واژۆ دەكرێت .