کوردستان

07:33 - 29/04/2019

چاوش ئۆغلۆ لەبارەی گرێبەسییە 50 ساڵییەكەی نێوان هەرێم و توركیا پرسیار دەكات‌

پەیسەر

وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرسیار دەربارەی چارەنوسی گرێبەستە 50 ساڵییەكەی نێوان هەرێم و توركیا دەكات و بارزانیش، رایگەیاندووە لەرێككەوتنەكە پاشگەزنابنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، مەولود چاوش ئۆغلۆ لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، پرسیاری دەربارەی چارەنوسی گرێبەستە 50 ساڵییەكەی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردووە لەدوای رێككەوتنی حكومەتی بەغداد و هەرێم دەربارەی پرسی فرۆشتن و داهاتی نەوت، لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە لەرێككەوتنەكە پاشگەزنابنەوە و لەهەر رێككەوتنێكی داهاتووی هەرێم و بەغدادش رەچاوی رێككەوتنی هەرێم توركیا دەكەن.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، وەزیری دەرەوەی توركیا دەربارەی وەزیری داهاتووی سامانەسروشتیەكانی هەرێم و ستراتیژیەتی كابینەی داهاتوو دەربارەی سامانە سروشتیەكان چەند پرسیارێكی دیكەی  كردووە و نێچیرڤان بارزانیش رایگەیاندووە تائێستا ئەو پرسە بەتەواوەتی یەكلایی نەبۆتەوە.

شەوی رابردوو مەولود چاوش  ئۆغلۆ پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ  بەرپرسانی عێراق لە بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لەو كۆبوونەوەكانیدا جگە لە پرسی نەوت، لەسەر پرسی سزاكانی ئەمریكا دژی ئێران و سەربازانی توركیا لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كرد.