کوردستان

05:52 - 03/12/2018

كاندیدی پارتی بۆ ,وه‌رگرتنی وەزارەتەكان‌

پەیسەر

مەسرور بارزانی زۆرینەی وەزیرەكانی كابینەكانی پێشووی حكومەت دووردەخاتەوە و پەیسەر پرێسیش ناوی بەشێك لەكاندیدەكانی پارتی بۆ كابینەی حكومەت ئاشكرا دەكات.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر پرێس لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆی سەركردایەتی پارتی، ناوی هەریەك لە ئازاد بەرواری و ئومێد سەباح و سەفین دزەیی و فرسەت سۆفی و ئامینە زكری و نەجمەدین كەریم گفتوگۆیان لەسەر كراوە بۆ ئەوەی لەپشكی پارتی پۆستی وەزیریان پێبدرێت.

بەپێی زانیارییەكان تەنها ئازاد بەرواری ناوی وەزارەتەكەی ئاشكرا كراوە كە پارتی دەیەوێت بیكاتە وەزیری ناوخۆی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم. 

هەر بەپێی زانیارییەكان كە دەست پەیسەرپرێس كەوتوە، پشتیوان سادقیش وەك تاكە وەزیری كابینەی پێشووی ناوی هاتووە بۆ ئەوەی لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم بمێنێتەوە.

هەروەها كە لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆی سەركردایەتی پارتی باسی ئەوەشكراوە كە نەوزاد هادی ئەگەر لەبەغداد پۆستی وەزیری كۆچی پێنەدرێت ئەوە لە هەرێم بكرێتە وەزیر، بەڵام بڕیاری كۆتاییان لەبارەوە نەدراوە.

ناوهێنانی ئەو كەسانە بۆ پۆستە وزاریەكانی پارتی دوای ئەوە دێت كە مەسرور بارزانی، لەدوای هەڵبژاردنەكەی 30 ئەیلول  كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی بە شكستخواردوو وەسف كرد و رایگەیاندبوو، ناكرێت كەسێك قەرزێكی 16 ملیار دۆلاری بهێنێتە سەر كوردستان و بەهۆی سیاسەتەكانیەوە 5 هەزار پرۆژە بوەستێت و فەرمانبەران بەشێك لەموچەكانیان پاشەكەوت بكرێت، كاندید بكرێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، بەهۆیەوە مەسرور بارزانی توانی حزبەكەی رازی بكات نێچیرڤان بارزانی لەحكومەت دووربخەنەوە.

مەسرور بارزانی دەیەوێت لە كابینەكەیدا ئەو كەسانە بن، كە لەخۆیەوە نزیكن و ناشیەوێت ئەو وەزیرانەی پێشوو كە سەركەتوو نەبون لە كارەكانیان دووبارە دایانبێتەوە و بەشێكیشی پەیوەندی بە نزیكی وەزیرەكانی پێشوو هەیە لە نێچیرڤان بارزانی ئەوەش خواستی مەسرور بارزانی لەسەر نیە.