کوردستان

12:16 - 01/05/2019

لیژنەیەكی داواكاری گشتی عێراق بۆ كەیسەكەی شاسوار عەبدولواحید دێنە سەر خەت‌

پەیسەر

لیژنەیەكی داواكاری گشتی عێراق بۆ كەیسەكەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ هاتووەتە سەر خەت، دوای ئەوەی بەڵگەی نوێ‌ لەو بارەوە ئاشكرابوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، لیژنەیەك لەفەرمانگی گشتی داواكاری گشتی عێراق لەشاری بەغدا هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ لێكۆڵینەوە لەو سكاڵایانەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماركراون.

هەر بەپێی زانیارییەكان لیژنەكە بەشداری دەكەن لەكەیسی لێكۆڵینەوە لەشاسوار عەبدولواحیدو ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ داواكاری گشتی بگێڕنەوە، دوای ئەوەی زانیاری نوێ‌ لەبارەی كەیسەكە ئاشكرابووە.

شاسوار عەبدولواحید لەلایەن داواكاری گشتی سلێمانی‌و شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌ سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی لەو پەرلەمانتارەو چەند كەسێكی تر كردووە.

لەدوای تۆماركردنی سكاڵاش، سكرتێری كەسی شاسوار عەبدولواحید دەستگیركراو ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، كە لەئەنجامی لێكۆڵینەوە لەو كەسە، چەندین زانیاری ‌و بەڵگە ئاشكرابوون‌و بەشێكیش لەزانیارییەكان پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی هەرێمەوە هەیە.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، بەهۆی دوو پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ‌ لەبەغدا، فەرمانگەی داواكاری گشتی عێراق بۆ كەیسەكە هاتووەتە سەر هێڵ، كە ئەو دوو پەرلەمانتارەش سكاڵایان تۆماركردووە.