کوردستان

05:39 - 02/05/2019

دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی لەبارەی مانەوەی شاسوار عەبدولواحید دوو پێشنیاری جیاوازیان هەبووە‌

پەیسەر

بەهۆی قوڵتربوونەوەی كێشەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هاتە سەرخەتی داواكاری گشتی بەغدا بۆ لێكۆڵینەوە و دەستگیركردنی چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو جوڵانەوە، ئەگەری دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید لەسەر دۆسییەكەی زیاتر دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی نیشتیمانی دوو پێشنیاری جیاواز بۆ سەرۆكی ئەو جوڵانەوەیە دەكەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بە پەیسەرپرێس دراوە، لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دژە تیرۆری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پێشنیاری ئەوە بۆ شاسوار عەبدولواحید دەكات كە هەرێمی كوردستان بەجێبهێڵێت تا یەكلابوونەوەی كێشەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ بیستنی ئەو پێشنیارە بە نیازی بەجێهێشتی كوردستان دەبێت، تا پێشنیار ی دووەم كە مانەوەیەتی دەبیستێت و لە چونە دەرەوەی كوردستان پەشیمان دەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان قوباد تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەگەڵ چونە دەرەوەی شاسوار عەبدوالحید نابێت و پێشنیاری مانەوە لە هەرێم تا یەكلابوونەوەی كێشەكی بۆ دەكات و ئەویش پێشنیارەكە قبوڵ دەكات.

ماوەی رابردوو پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ رایگەیاند، كە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەی هەڕەشەی لێكراوە، تۆماری سێكسی بڵاودەكەنەوە بەهۆی ئەوەی ناڕازییە، بەو هۆیەشەوە سكاڵای تۆماركردو سكرتێرێكی شاسوار عەبدلواحید دەستگیركرا.

لەدوای تۆماركردنی سكاڵاش، سكرتێری كەسی شاسوار عەبدولواحید و دوو كه‌سی دیكه‌ كه‌ له‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی كاریان ده‌كرد دەستگیركراون و ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان، كە لەئەنجامی لێكۆڵینەوە لەو كەسانه‌ش، چەندین زانیاری ‌و بەڵگە ئاشكرابوون‌و بەشێكیش لەزانیارییەكان پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی هەرێمەوە هەیە.