کوردستان

06:09 - 04/05/2019

هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە چونە دەرەوەی ئارام سەعید بگیرێت‌

پەیسەر

ئارام سەعید كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ رۆژی پێنجشەممە دەستی لە كاركردن لەو جوڵانەیەوە كێشایەوە، بەڵام لەلایەن ناڕازییەكانی نەوەی نوێ هەوڵدراوە بۆ ئەوەی رێگری لێ بكرێت سەردانی دەرەوەی وڵات بكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتوە، لەلایەن بەشێك لەخاوەن پشكەكانی چاڤی لاند و بەرەی نارازی ناو نەوەی نوێ، هەوڵێك هەیە بۆئەوەی رێگری لە ئارام سەعید بكرێت نەچێتە دەرەوەی وڵات.

ئارام سەعید بەرێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند بووە و لەماوەی رابردوودا، وەك پاڵپشتێكی نادیاری دارایی ئەو پرۆژەیە ناوی هێندراوە هەروەها ئاگاداری تەواوی كارە بازرگانیەكانی شاسوارعەبدولواحد و كارەسیاسیەكانیشی بووە.

ئارام سەعید رۆژی پێنجەشەممەی رابردوو لەناو نەوەی نوێ دەستی لەكاركێشایەوە و لە نامەكەیدا دەڵێ‌: هەر لە سەرەتاوە بەشداری هەموو جومگەو كارەكانی نەوەی نوێ بوم، لە پێناسە و ستراتیژ و كاركردنی سیاسی و مەیدانیی بەشداربووم حەزدەكەم پێتان بڵێم بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە.

بە پێی زانیارییەكان، ئارام سەعید لە دوای قوڵبوونەوەی زیاتری كێشەكانی ناو نەوەی نوێ، هەوڵی ئەوە دەدات لەو كێشانە خۆی بەدوور بگرێت و گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، بەڵام ناڕازییەكانی ناو نەوەی نوێ دەیانەوێت بەهەر رێگایەك بێت رێگری بكەن لە گەشتی ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ و تا لە رونكردنەوەی كێشەكاندا وەك شایەت بەكاریبهێنن.

لەو بارەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار كە لەبەر هەستیاری بابەتە نەیویست ناوی بۆ خوێنەرانی پەیسەر ئاشكرا بكات رایگەیاند، هەوڵەكە تائێستا ئەنجامی نەبووە بەڵام بەهۆی ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا دەوام نەبووە و سبەینێ دەوامی فەرمانگەكان دەست پێدەكاتەوە ئەنجامەكان لەو بارەیەوە زیاتر ڕوون دەبێتەوە..