کوردستان

06:52 - 05/05/2019

دەست بەسەر ژووری سۆسیال میدیای نەوەی نوێ‌ دەگیرێت‌

پەیسەر

ئەو هێزە ئەمنییەی چوونە سەر ئۆفیسی سەرەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، دەستیان بەسەر ژووری سۆسیال میدیای جوڵانەوەكە گرتووە، ئەمە جگە لەدەستگیركردنی چەند كەسێك.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، هێزە ئەمنییەكە، ئێوارەی رۆژی یەكشەممە، چوونەتە سەر ئۆفیسی سەرەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌‌و راستەوخۆ چوونەتە ژووری سۆسیال میدیا.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەژوورەكە دەستیان بەسەر تەواوی ئامێرەكانی ناو ژوورەكە گرتووەو لەگەڵ خۆیان بردوویان، كە خۆی لەدەیان كۆمپیوتەرو ئامێری تر دەبینێتەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لەو هەڵمەتە چەند كەسێك بەفەرمانی دادوەر گیراون‌و هەڵمەتی گەڕان بۆ دەستگیركردنی چەند كەسێكی تریش بەردەوامە، كە لەناویاندا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ هەیە.

ماوەی رابردوو پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ رایگەیاند، كە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەی هەڕەشەی لێكراوە، تۆماری سێكسی بڵاودەكەنەوە بەهۆی ئەوەی ناڕازییە، بەو هۆیەشەوە سكاڵای تۆماركردو چەند كەسێكی نزیك لە شاسوار عەبدلواحید دەستگیركرا، كە لەناویاندا سكرتێری كەسی ناوبراو هەیە.