کوردستان

07:14 - 08/05/2019

پێشنیاردەكرێت سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بچێتە ناو یەكێتیەوە‌

پەیسەر

پێشنیار دەكرێت سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بچێتە ناو یەكێتیەوە و پلەی ئەندامی سەركردایەتی پێ بدرێت بەڵام دووسەركردەی دیاری یەكێتی دژایەتی ئەو پێشنیارە دەكەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، باڵێكی یەكێتی پێشنیاری ئەوەیان بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەێ كردووە، بچێتە ناو یەكێتی و پلەی ئەندامی سەركردایەتی پێ بدرێت.

بەپێی زانیارییەكان ئەو باڵەی یەكێتی بەڵێنی ئەوەی بە شاسوار داوە كە لە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی لەو پۆستەی بۆی دیاریدەكرێت بمێنێتەوە.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەدەن كە ئەم پێشنیارە لەلایەن بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی پێشوازی لێنەكراوە و بەتایبەت هەردوو بەرپرسی یەكێتی عومەر فەتاح و لاهورشێخ جەنگی دژایە تی ئەو پێشنیارەیان كردووە.

لەماوەی رابردووداو پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شاسوار عەبدولواحیدیان بەوە تۆمەتبار كرد كە حیزبەكەی كردووە بە بنەماڵەو لەوبارەشەوە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە، پاش بەیاننامەكەش شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی رووتی لێكراوە.

دوای ئەوەش بەهۆی تۆماركردنی سكاڵاوە لەلایەن داواكاری گشتی سلێمانی و شادی نەوزادەوە ژمارەیەك لە خۆبەخشی نەوەی نوێ دەستگیركران و جوڵانەوەی نەوەی نوێش توشی قەیرانێكی قوڵبووە دوای ئەو رووداوانە.