کوردستان

01:41 - 15/05/2019

پارتی له‌نێوخۆیدا له‌سه‌ر دوو پۆست نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن‌

پەیسەر پرێس

 پارتی له‌نێوخۆیدا له‌سه‌ر دووپۆست نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتن، هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى پشتیوانى كاندیدى جیاواز ده‌كه‌ن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، باڵی نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر چه‌ند پۆستێك بۆ باڵی مه‌سرور بارزانی سازشی كردووه‌، و ته‌نها دووپۆست ماوه‌ كه‌ تائێستا پێداگری له‌سه‌ر وه‌رگرتنیان كردووه‌، ئه‌وانیش پۆستی وه‌زیری سامانه‌سروشتیه‌كان و پۆستی وه‌زیری په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، كه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا له‌ فه‌رمانگه‌وه‌ ده‌كرێته‌ وه‌زاره‌ت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، مه‌سرور بارزانی نه‌رمی نواندووه‌ كه‌ پۆستی وه‌زیری سامانه‌سروشتیه‌كان بۆ باڵی نێچیرڤان بارزانی بێت به‌ومه‌رجه‌ی كاندیده‌كه‌ی له‌ئاشتی هه‌ورامیه‌وه‌ بگۆرێت بۆ كاندیدێكی تر، و پۆستی وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش تائێستا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌.

پارتى له‌نێوخۆیدا له‌سه‌ر پۆسته‌كان راى جیاوازى هه‌یه‌ و پێشتر، نێچیرڤان بارزانى لیستێكى راده‌ستى مه‌كته‌بى سیاسى كردبوو له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌یه‌وێت پۆست وه‌ربگرن، به‌ڵام مه‌سرور بارزانى ١٥ كه‌سى له‌ لیسته‌كه‌ ره‌تكردبووه‌وه‌.