کوردستان

01:51 - 15/05/2019

یه‌كێتی داوای لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پارتى ده‌كات‌

پەیسەر پرێس

دوای ئه‌وه‌ی به‌بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، فه‌رمانبه‌رانی یه‌كێتی له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌بێ پرسی خۆیان بۆ ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت گواسترانه‌وه‌، یه‌كێتی داوای پێکهێنانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌واژۆی نێچیرڤان ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌فه‌رمانی ژماره‌ 319 له‌ به‌رواری 12/5/2019 فه‌رمانبه‌رانی یه‌كێتی له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت گواستراونه‌وه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی خۆیان، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌فه‌رمی داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وپرسه‌ كردووه‌، به‌مه‌رجێك لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی بێلایه‌ن بێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، یه‌كێتی داواشی له‌مه‌سعود بارزانی كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بێده‌نگ نه‌بێت، چونكه‌ سه‌ره‌تایه‌كی خراپه‌، و له‌به‌رامبه‌ریشدا پارتی پێشنیاری ئه‌وه‌یكردووه‌ كه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌پشكی یه‌كێتی ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ری حزبه‌كه‌ی دابمه‌زرێت دوای ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌كارده‌بێت، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌و پێشنیاره‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كێتی له‌داواكاریه‌كه‌یدا بۆ پارتی رایگه‌یاندووه‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی 8/5/2019 یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مواركرایه‌وه‌ و ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ كاراكرایه‌وه‌، چیتر یاسای ژماره‌ 2ی ساڵی 2017 ی تایبه‌ت به‌دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم كاری پێناكرێت، و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایه‌دا بووه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ نه‌بێت سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه‌ فه‌رمانبه‌رانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بگوازێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر پارتی وه‌ڵامی ئه‌رێنی نیگه‌رانییه‌كه‌ی یه‌كێتی نه‌داته‌وه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێتی به‌ نیازه‌ په‌نا بۆ دادگا ببات.