کوردستان

02:29 - 15/05/2019

ئاڕاسته‌یه‌ك له‌ ناوكۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ به‌شدارى حزبه‌كه‌یه‌ له‌ حكومه‌ت‌

پەیسەر پرێس

ئاڕاسته‌یه‌ك له‌ناو كۆمه‌ڵى ئیسلامى، تا ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌كه‌ به‌شداربێت له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، ئاڕاسته‌یه‌كى كۆمه‌ڵ كه‌ عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن حزبه‌كه‌ به‌شدار بێت له‌ حكومه‌ت.

به‌پێى زانیارییه‌كان به‌وهۆیه‌وه‌ عه‌بدولستار مه‌جید پێى باش نه‌بووه‌، كاندیدیان هه‌بێت بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌گه‌رچى سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ ئاماده‌یى خۆى پیشاندابوو خۆى كاندید بكات بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، به‌ڵام كۆمه‌ڵ رایگه‌یاند كاندیدیان نابێت.

له‌به‌رامبه‌ردا ئاڕاسته‌یه‌كى دیكه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دژى ئه‌وه‌ بوون كۆمه‌ڵ به‌شدارى كابینه‌ى نوێ بكات، ئێستاش هه‌مان رایان هه‌یه‌، سۆران عومه‌ر له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵ به‌ توندى دژى به‌شدارى حزبه‌كه‌یه‌ له‌ حكومه‌ت.

كۆمه‌ڵ و پارتى له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ دوو كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا له‌ هه‌ولێر و پیرمام، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكى كۆبوونه‌وه‌كان رانه‌گه‌یه‌ندرا، دواى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ش عه‌لى باپیر رایگه‌یاندبوو، پێى باش نییه‌ كۆمه‌ڵ به‌شدارى حكومه‌ت بكات و پێى وایه‌ به‌شدارى كۆمه‌ڵ خێرى تێدانییه‌.