کوردستان

02:16 - 16/05/2019

ئه‌مریكا جارێكی دیكه‌ هۆشداری ده‌داته‌ یه‌كێتی و پارتی‌

پەیسەر پرێس

ئه‌مریكا هۆشداری ده‌داته‌ یه‌كێتی وپارتی، پێى راگه‌یاندوون نابێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن و ده‌شبێت پابه‌ندبن به‌ بڕیارى به‌ تیرۆرست ناساندنى سوپاى پاسدارانه‌وه‌و به‌وجۆره‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش هه‌ردوو حزبى خستووه‌ته‌ ژێر فشارى گه‌وره‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، جارێكی تر ئه‌مریكا هۆشداری داوه‌ته‌ یه‌كێتی وپارتی كه‌ نابێت مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن.

به‌رپرسانی یه‌كێتی و پارتیش رایانگه‌یاندووه‌، ته‌واوی ئه‌و مامه‌ڵانه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران راگرتووه‌ كه‌ سزاكانی ئه‌مریكا ده‌یانگرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها واشنتن نیگه‌ران بووه‌ له‌هاتوچۆی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سوپای پاسداران بۆ هه‌رێمی كوردستان، واشنتن داوایكردووه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌بڕیارى ئه‌مریكاوه‌، كه‌ سوپاى پاسدارانى به‌ تیرۆرست ناساندووه‌.

ئاڵۆزییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئێران زیاتربوون و واشنتن فشارى زیاترى كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى جوڵه‌كانى تاران له‌ ناوچه‌كه‌ سڕبكات، له‌ به‌رامبه‌ریشدا لایه‌نى ئێرانى فشاریان له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌.