کوردستان

02:32 - 16/05/2019

ژماره‌یه‌كی كه‌می كارمه‌ندانی ئه‌مریكا له‌عێراق ماون‌

پەیسەر پرێس

ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌كانى ئه‌مریكا له‌عێراق و هەرێمی کوردستان ماون، زۆرینه‌یان روویان له‌دوو وڵاتی دراوسێی عێراق كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، دوای هۆشداریه‌كه‌ی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ كارمه‌نده‌كانی له‌باڵیۆزخانه‌ی به‌غداد و كونسوڵخانه‌ی هه‌ولێر، له‌ئێستادا زۆرینه‌ی كارمه‌نده‌كانیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و چه‌ند كارمه‌ندێكی كه‌م ماون و هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كیش ناكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، به‌شێكیان خاكی عێراقیان به‌ره‌و توركیا و به‌شه‌كه‌ی تریش به‌ره‌و ئوردن جێهێشتووه‌، له‌وێوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.

دوێنی چوارشه‌ممه‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ فه‌رمانی پێكردوون، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه‌ كاری پێویستیان له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غداد و كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر نییه‌ له‌عێراق بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ پێدانی ڤیزه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی راگیراوه‌.