کوردستان

05:51 - 16/05/2019

ململانێكانى ناوخۆى پارتى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ دواده‌خات‌

پەیسەر پرێس

ئه‌و ململانێیانه‌ى له‌نێوان نێچیرڤان بارزانى‌ و مه‌سرور بارزانى هه‌یه‌، بووه‌ته‌ هۆى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، بڕیاربوو له‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى كۆببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ دیاریكردنى كاندیدانى حیزبه‌كه‌ بۆ پۆسته‌كانى كابینه‌ى داهاتوو، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتێكى نادیار دواخراوه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، هۆكارى دواكه‌وتنى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ئه‌و ململانێیانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌نێوان مه‌سرور بارزانى‌ و نێچیرڤان بارزانى هه‌یه‌ له‌سه‌ر دیاریكردنى كاندیده‌كان.

نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتییه‌ و كاندیدى حیزبه‌كه‌یه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌یه‌وێت زۆرترین كه‌س له‌كابینه‌ى داهاتوو وه‌ك وه‌زیر دابنێت له‌پشكى پارتى، كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نزیكى خۆى بن.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانى-یش كاندیدى ئه‌و حیزبه‌یه‌ بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت، كه‌ په‌یسه‌رپرێس ئه‌وه‌ى زانیوه‌ له‌به‌رانبه‌ر خواسته‌كانى نێچیرڤان بارزانى وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌وانه‌ى له‌پشكى پارتى پۆست وه‌رده‌گرن، كه‌سانى نزیك له‌خۆى بن، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى نێچیرڤان بارزانى له‌كابینه‌كه‌ى كه‌مبكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ململانێى توندى نێچیرڤان‌ و مه‌سرور له‌ئێستادا له‌سه‌ر كاندیدى پۆستى وه‌زاره‌ته‌كانى سامانه‌سروشییه‌كان‌ و ناوخۆو وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌یه‌.