کوردستان

03:30 - 18/05/2019

دوایین زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر كاندیدی یه‌كێتی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌

پەیسەر

دوای داواكارییه‌كه‌ی پارتی یه‌كێتی تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دابنێت و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان رێگره‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاریبكه‌ن و پارتیش ده‌یه‌وێت له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێستا یاسای چاكسازی تێنه‌په‌ڕێنێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، تائێستا یەكێتی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی یەكلایی نەكردۆتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەچەند رۆژی رابردوودا پارتی بەفەرمی داوای لەیەكێتی كردووە ناوی كاندیدێكیان رادەست بكەن بۆ ئەوەی بیخەنە دانیشتنی پەرلەمان و پۆستەكەیان رادەست بكەن، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆیەكانی ئەو حزبەوە نەتواندراوە كاندیدەكە یەكلایی بكرێتەوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، بەهۆی ئەوەی پارتی بێئومێد بووە لەوەی لەئایندەیەكی نزیكدا یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، بۆ یە دەستەی ئێستای سەرۆكایەتی پەرلەمان جگە لە تێپەراندنی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پرۆسەی خۆكاندیدكردن بۆ سەرۆكی هەرێم و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، پارتی دەیەوێت لەسەردەمی دەستەی ئێستای سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەردوو یاسای چاكسازی و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەش تێپەڕێنێت.

یەكێتی و پارتی دوو رێككەوتنیان بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم واژۆكردووە و بەپێی رێككەوتنەكانیش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دانراوە، بەڵام بەهۆی ململانێی باڵی ماڵی تاڵەبانی و باڵی كۆسرەت رەسوڵ لەسەر كاندیدكردنی هەریەك لە رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی تائێستا ئەو پۆستە یەكلایی نەكراوەتەوە.