کوردستان

05:13 - 05/12/2018

عادل عەبدولمەهدی: بەرگری لە یەكێتی مەكەن‌

پەیسەر

سبەینێ (پێنجشەممە) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە پرسی كۆبونەوەكەش متمانەدانە بە كاندیدەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، لەسەر فشارەكانی یەكێتیش بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لەكوتلە شیعیەكان دەكات بەرگری لە یەكێتی نەكەن.

بریارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكومەت، سەرچاوەیەكی ئاگادار بەپەیسەر پرێسی راگەیاند، رۆژی سێشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی هەردوو هاوپەیمانیەتی (بیناو ئیسلاح) و (ئیسلاح)  كۆبۆتەوەو لەكۆبونەوەكەدا داوای لێكردوون كێشەكانی خۆیان لەگەڵ یەكێتی تێكەڵ نەكەن.

سەرۆك وەزیران گوتوشیەتی، واز لە یەكێتی بهێنن، بە سەرۆكی ئەو دوو كوتلەشی راگەیاندووە، یەكێتی نە پۆستی وەزارتی داد و نە هیچ وەزارەتێكی دیكە وەرناگرێت.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس، لەكاتی سەردانەكەی مەسعود بارزانی لە 22ی مانگی رابردوو بۆ بەغداد زۆرینەی لایەنە شیعیەكان بەڵێنیان پێداوە كە پۆستی وەزیری داد نەدرێتە یەكێتی جگە لە رەوتی سەدر، چونكە موقتەدا سەدر داواكاریەكەی رەتكردۆتەوە.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چەند جارێك ئەوەی دووپاتكردوەتەوە كە پۆستی وەزارەتی داد شایستەی خۆیانە، لەو مافەی خۆیان ناكشێنەوە، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق ملی بە داوەكەی یەكێتی نەداوە و پێی راگەیاندوون یەكێتی بە پۆستی سەرۆك كۆمار هەموو مافێكی خۆی وەرگرتووە.

كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران شكستی هێناو نەتوانرا نیسابی یاسایی تەواو بكات، ئەوەش بەهۆی ناڕەزایی كوتلەی ئیسلاح بە رابەرایەتی موقتەدا سەدر لەسەر كاندیدبوونی فالح فەیاز و فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر نەبوونی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستی وەزارەتی داد و چەند كوتلەیەكی دیكە كە بە كاندیدەكانی عادل عەبدولمەهدی رازی نەبوون.