کوردستان

06:39 - 25/05/2019

پەیسەرپرێس رێككەوتنێكی مەترسیدار دژی كورد بڵاودەكاتەوە‌

پەیسەر

حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر رێگەدان بەجوتیارانی كورد بۆ دروینەوەی بەرهەمی ئەم ساڵ بەمەرجێكی مەترسیدار رازی بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، رێككەوتنەكە بە نهێنی لە نێوان هەرێم و بەرپرسانی ئیداری ناوچە كێشە لەسەرەكان كراوە و رێككەوتنەكەش  بە ئاگاداری لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بووە.

بەپێی رێككەوتنەكە رێگە بەجوتیارانی كورد دەدرێت بەرهەمی گەنم و جۆی ئەم ساڵیان بدورنەوە، بەمەرجێك ساڵی داهاتوو بەبێ رێككەوتن ئەو زەویانە دانەچێنن.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، ئەگەرچی كارێكی ئینسانیانەیە كە رێگە بەجوتیارانی كورد بدرێت بەرهەمی ئەم ساڵیان بدورنەوە، بەڵام لایەنی دووەمی ئەو رێككەوتنە شكستێكی گەورەیە و سازشێكی دیارە.

بەپێی مادەی 140ی دەستوری عێراقی ئەو ناوچانە ناوچەی جێناكۆكن و دەبێت بەپێی ئەو مادەیە چارەنوسیان یەكلایی بكرێتەوە بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 12 ساڵ بەسەر كۆتایی رۆژی ئەو مادەیە تائێستا مادەكە جێبەجێ نەكراوە.