کوردستان

10:57 - 09/06/2019

به‌شدارى مه‌راسیمه‌كه‌ى سبه‌ینێ یه‌كێتى به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شكردووه‌‌

پەیسەر پرێس

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، تا ئێستا بڕیارى به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌شداربێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێتى كردووه‌ به‌ دووبه‌شه‌وه‌و بۆچوونى جیاوازى له‌سه‌ر دروست بووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى بوون به‌ دووبه‌شه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى به‌رهه‌م ساڵح هه‌ندێكیان ده‌ڵێن، ماده‌م به‌رهه‌م ساڵح به‌شدارده‌بێت باشتره‌ فراكسیۆنى سه‌وز له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بێت، به‌شێكى دیكه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى ده‌ڵێن، ئه‌و وه‌ك سه‌رۆك كۆمار به‌شدار ده‌بێت و ناكرێت فراكسیۆنه‌كه‌ به‌شدارى بكه‌ن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێست، ١٢خوله‌ك له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ بۆ گوتارى به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى عێراق ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا دیار نییه‌ گوتارى ده‌بێت یاخود نا، تا ئێستا بڕیارى به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ به‌شدار بێت له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، پێشتر گوته‌بێژى یه‌كێتى گوتبووى به‌رهه‌م ساڵح ئازاده‌ له‌وه‌ى به‌شدارى بكات یاخود نا.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌شدارى قوباد تاڵه‌بانى له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ نیگه‌رانى دروست كردووه‌، به‌ جۆرێك ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێیان وایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ى قوباد تاڵه‌بانى ده‌كرێت له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ دژى ئه‌وان به‌كاربهێندرێت، به‌ جۆرێك ماڵى تاڵه‌بانى له‌رێگه‌ى قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌ كه‌ به‌شدار ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆیان له‌گه‌ڵ پارتى ده‌پارێزن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ تێکدەچن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌گه‌ر خۆشى به‌شدارنه‌بێت، ئه‌گه‌رى زۆره‌ یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانى به‌شدارى مه‌راسیمه‌كه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پێى وایه‌ له‌ قۆناغى هه‌ڵبژاردنى نێچیرڤان بارزانى، هه‌م قوباد تاڵه‌بانى هه‌م خاتو گه‌لاوێژى دایكى هێرۆئیبراهیم ئه‌حمه‌د پیرۆزباییان له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد، به‌ڵام خانه‌واده‌ى ئه‌و هیچ پیرۆزباییان نه‌كردووه‌. بۆیه‌ نایه‌وێت مه‌راسیمه‌كه‌ش به‌وجۆره‌ تێپه‌ڕێت و ته‌نها ماڵى تاڵه‌بانى ئاماده‌ییان هه‌بێت له‌وێ.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، مه‌سعود بارزانى ڤیتۆى له‌سه‌ر به‌شدارى چه‌ند به‌رپرسێكى یه‌كێتى هه‌یه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى به‌شداربوون له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، بارزانى له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ گوتارى ده‌بێت. سه‌رچاوه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، بڕیار وایه‌ بارزانى و به‌رهه‌م ساڵح كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن له‌ هه‌ولێر.

هاوكات شه‌وى رابردوو، پارتى به‌ فه‌رمى یه‌كێتى ئاگادار كردووه‌، كه‌ ئاماده‌ نییه‌ له‌سه‌ر مه‌راسیمه‌كه‌ گفتوگۆ بكات و له‌ ئێستادا له‌سه‌ر پۆسته‌كانى به‌غدا و كه‌ركوك گفتوگۆناكات، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باس له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌مڕۆى یه‌كێتى و پارتى ده‌كه‌ن، روون نییه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كرێت یاخود نا به‌ڵام پارتى شه‌وى رابردوو به‌ نه‌رێنى وه‌ڵامى یه‌كێتى داوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌.