کوردستان

02:40 - 10/06/2019

نێچیرڤان بارزانی پۆسته‌كه‌ی راده‌ستی قوباد تاڵه‌بانی ناكات‌

پەیسەر پرێس

دوای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌گه‌رچى به‌پێى مادده‌ى ١٧ی یاساى ژماره‌ ٣ی ساڵى ١٩٩٢ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، پێویسته‌ قوباد تاڵه‌بانی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌وه‌كاله‌ت وه‌ربگرێت، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی پۆسته‌كه‌ی راده‌ست ناكات.

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان، سوێندی یاسایی خوارد و ده‌بێت بۆ له‌مه‌ودوا ده‌ستبه‌رداری پۆستى سه‌رۆكی حكومه‌ت بێت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، نێچیرڤان بارزانی ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ تا پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوو پۆسته‌كه‌ی راده‌ستی قوباد تاڵه‌بانی بكات، و سوره‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی هه‌ردوو پۆسته‌كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ و تا پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، مانه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌دووپۆستدا له‌یه‌ك كاتدا نایاساییه‌، به‌ڵام یه‌كێتی نایه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كێشه‌ دروست بكات.

به‌پێى به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستان، بڕیاره‌ سبه‌ینێ سه‌رۆكى هه‌رێم كاندیدى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى رابسپێرێت. مه‌سعود بارزانى له‌ گوتارى خۆى له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم گوتى، له‌ سبه‌ینێوه‌ هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كات.