کوردستان

09:59 - 13/06/2019

وەفدێكی پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات‌

پەیسەر

بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە، به‌پێی زانیارییه‌كانیش ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی‌ وەرگرتنی ناوی كاندیدەكانه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌ وزارییه‌كان.

 
سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە پەیسەرپرێسی راگەیاند، وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێكی پارتی بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی بێتە سلێمانی و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس مەسرور بارزانی پێش سەردانەكەی بۆ سلێمانی داوای لەیەكێتی و گۆران كردووە لەماوەی 15 رۆژدا كاندیدەكانیان یەكلایی بكەنەوە و لەماوەی 15 رۆژی دواتر رێككەوتن لەسەر كاندیدەكان بكرێت.

لەدوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلولی 2018 و دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، یەكەمجارە مەسرور بارزانی بێتە سلێمانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان.

لەبارەی كۆبوونەوەی سەردانی وەفدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئێمە نازانین ئایا وەفدەكەی پارتی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئێمە دەچێتە لای یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەم.


ئاستەنگێك لەبەردەم كابینەی حكومەتدا هەیە ئەویش ئەوەیە كە مەسرور بارزانی داوای لەلایەنەكات كردووە كە زیاتر لەكاندیدێك بۆ پۆستەكان پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی بەپێی رێككەوتنەكانی پێشوو یەكلایی بكرێنەوە.

دوێنێ‌ بە فەرمانی هەرێمی ژمارە یەكی ساڵی 2019 سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی راسپێدرا لە ماوەی یەك مانگدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێت.