کوردستان

05:01 - 15/06/2019

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌

پەیسەر

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیی ئەنجامدا و وابڕیاربوو لە كۆبونەوەكەدا كاندیدەكانی ئەو حیزبە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان دیاریبكرێت، بەڵام كۆوبونەوەكە بێ‌ ئەنجام بوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە بە پەیسەرپرێس دراوە،  مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەیتوانی كاندیدەكان یەكلایی بكاتەوە، رێككەوتنێكی پێشووی ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ كێشەی تێدەكەوێت.

لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی یەكێیتیدا نەتواندرا كاندیدەكان یەكلایی بكرێنەوە، بەوپێیەی پێشتر رێككەوتنێك لەنێوان ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵدا هەبووە، بۆ ئەوەی پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت و جێَگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە بۆ ماڵی تاڵەبانی بن. پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی پلاندانان و خوێندنی باڵایش بۆ باڵی كۆسرەت رەسوڵ بن. هەرچی سەبارەت بە پۆستەكانی وەزارەتەكانی شەهیدان و رۆشنبیری و كشتوكاڵ بۆ باڵەكانی تر بن.

بەپێی زانیاریەكان رێككەوتنەكە پۆستی بریكار وەزیرەكانیشی لەخۆ گرتبوو، بەڵام لەكۆبونەوەی ئەمرۆدا ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی دژی ئەو رێككەوتنە بوون.

سەرچاوەكەی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ په‌یسه‌رپرێس دەڵێت، مەحمود سەنگاوی بۆ كاروانی كوڕی داوای وەزارەتی پلاندانانی كردووە كە بەپێی رێككەوتنەكەی پێشوو بۆ باڵی كۆسرەت رەسوڵ بووە، هەروەها بەرهەم ساڵح داوای پۆستی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و رۆشنبیری بۆ باڵەكەی خۆی كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵاش پێشتر بۆ باڵی كۆسرەت رەسوڵ یەكلایی كرابۆوە.سەرچاوەكەی دەشڵێت، بریارە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە و بریار لەسەر كاندیدەكان بدات.